هەفتانە دوو گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و تاران دەکرێن
دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە دوومانگ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و تاران دەستپێدەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و تاران دەستپێدەکەنەوە و هێڵە ئاسمانییەکان دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دوای دڵنیاییە لە سەلامەتی گەشتەکان و گەشتیاران و بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتووشدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی و تاران دەستپێبکەنەوە.
بە گوێرەی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان هەفتانە دوو گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و تاران و هەروەها گەشتێکی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی و تاران دەکرێن.