عێراقچی: پێنتاگۆن راستییەکان دەشارێتەوە و تێچووی جەنگ چوار ئەوەندەی ئامارە فەرمییەکانە

وەزیری دەرەوەی ئێران ئامارەکانی پێنتاگۆنی دەربارەی تێچووی جەنگ بە ناڕاست دەخاتەوە و دەڵێت، تێچووی مانگانەی ئەم جەنگە لەسەر هەر خێزانێکی ئەمریکی 500 دۆلارە.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری سەرەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "سەرکێشییەکانی ناتانیاهۆ تا ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ 100 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوتووە، کە دەکاتە چوار هێندەی ئەو ئامارەی وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە."

عێراقچی ئاماژە بەوەشکردووە کە تێچووە ناڕاستەوخۆکانی جەنگ زۆر لەوە زیاترن و ئیستا تێچووی مانگانەی ئەم جەنگە لەسەر هەر خێزانێکی ئەمریکی 500 دۆلارە و بە خێراییش لە بەرزبوونەوەدایە."

لە کۆتاییدا، عێراقچی وەک ئاماژەیەک بۆ هەژموونی ئیسرائیل بەسەر بڕیارەکانی واشنتندا، پەیامەکەی بەم رستەیە کۆتایی پێدەهێنێت و دەنووسێت: "سیاسەتی ئیسرائیل لە ریزبەندی یەکەمدا، هەمیشە بە واتای ئەمریکا لە ریزبەندی کۆتاییدا دێت.

ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، تێچووی جەنگی ئێران نزیکەی 25 ملیار دۆلارە.

رۆژی چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، جولس هێرس، سەرپەرشتیاری کاروباری دارایی لە پێنتاگۆن، لەبەردەم لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئاشکرای کرد، زۆربەی ئەو 25 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی "تەقەمەنی و چەک" خەرج کراوە. هێرس وردەکاریی ئەوەی نەخستە روو کە ئایا ئەم بڕە پارەیە تێچووی چاککردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانە دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە یان نا.