ئیمارات داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز دەکات و هۆشداری دەداتە ئێران

وەزیری دەوڵەتی ئیمارات داوا دەکات گەرووی هورمز بەبێ مەرج بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئێران لەبەرانبەر پەکخستنی نایاسایی گەرووەکە و زیانە ئابووری و ژینگەییەکان، بە تەواوی بەرپرسیار بکرێت و قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.

خەلیفە شاهین ئەلمەرەر، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، لە میانی وتارێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان، داوای کرد گەرووی هورمز بە شێوەیەکی دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سزا بدرێت لەبەرانبەر ئەو بەربەستانەی بۆ گەشتیاری و بازرگانی دەریایی دروستی دەکات.

ئەلمەرەر رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵانی دواییدا هەنگاوی گرنگی ناوە، لەوانە دەرکردنی بڕیاری ژمارە 2817 کە تێیدا سەرکۆنەی هەر هەڕەشە و کارێکی ئێران دەکات بۆ داخستن یان دەستوەردان لە هاتوچۆی دەریایی گەرووی هورمز. گوتیشی، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن و پەکخستنی ئەنقەستی هاتوچۆ، هەڕەشەی جیددین بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتیی.

وەزیری دەوڵەتی ئیمارات ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکانی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بۆ وەستاندنی کارە نایاساییەکانی تاران و گەرەنتی کردنی هاتوچۆی ئازادانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئەلمەرەر جەختی کردەوە کە رێگەدان بە ئێران بۆ بەکارهێنانی ئەم گەرووە وەک ئامرازێکی فشار و بۆ مەرامی سیاسی، دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و زیان بە سەقامگیری بازرگانی جیهانیی دەگەیەنێت.

هەروەها وەزیری دەوڵەتی ئیمارات لیستی پێشێلکارییەکانی ئێرانی خستە روو، کە بریتین لە سەپاندنی باجی نایاسایی بەسەر کەشتییەکان، هێرشی تیرۆریستی، چاندنی مین و جیاکاری لەنێوان کەشتییە بیانییەکان، کە هەموویان پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشن.

لە کۆتاییدا ئەلمەرەر رایگەیاند: "ئیمارات ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و جەخت دەکەینەوە کە تاران پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی بەهۆی کارە نایاساییەکانیەوە بەر ژینگە و کەرتی دەریایی کەوتوون."