راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق: ئەو دۆلارەی لە ئەمریكاوە دەگاتە عێراق، رێژەكەی 5% زیاتر نییە
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری ئاشکرای کرد، ناردنی دۆلار لە لایەن ئەمریكاوە بۆ عێراق دەستی پێكردەوە و یەكەم گوژمەی دۆلار گەیشتە وڵاتەکە.
هەینی، 1ـی ئایاری 2026، مەزهەر محەمەد، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری، بەكوردستان24ـی راگەیاند: دوای ئاسایبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەكان و خاوبوونەوەی دۆخی سیاسیی ناوچەكە، لە رێگەی فرۆكەیەكەوە دۆلار لە نیویۆركەوە گەیشتە بەغدا.
بەگوتەی راوێژكارە، ئەو دۆلارەی لە ئەمریكاوە دەگاتە عێراق، رێژەكەی 5% زیاتر نییە، هەروەها 95% دۆلاری ئەمریكی لە بانكی ناوەندیی عێراقە كە پێدوایستی بازاڕ پڕ دەكاتەوە.
مەزهەر محەمەد دەڵێت: مانگانە ئەمریكا لە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق، بە دوو گوژمە دۆلار بۆ وڵاتەکە دەنێرێت، كە بڕەكەی ملیارێك دۆلارە.
حكوومەتی عێراق دوو هەژماری بانكی لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا هەیە؛ بە ناوی عێراق1 و عێراق2، هەژماری عێراق هەژماری تایبەتی بانكی ناوەندیی عێراقە بۆ یەدەگی دراو، هەژماری عێراق2 تایبەتە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقە.