وۆڵ ستریت جۆرناڵ: وردەکاریی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا ناوەڕۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی بۆ واشنتن ئاشکرا کرد، کە تیایدا تاران ئامادەیی نیشانداوە گەرووی هورمز بکاتەوە لە بەرانبەر راگرتنی هێرشەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستی کەوتووە، ئێران لە رێگەی نێوەندگیری وڵاتی پاکستانەوە وەڵامێکی هەموارکراوی بۆ مەرجەکانی ئەمریکا ناردووە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێشنیازە نوێیەکەدا، تاران داوای کردووە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی هەڵبگیرێت و گەرەنتی بدرێت کە هێرشە سەربازییەکان رادەگیرێن، لە بەرانبەردا پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز دەخرێتە بەرباس.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هەنگاوەی تاران بە چوونە پێشەوە بەرەو داواکارییەکانی ئەمریکا دادەنرێت، هەروەها ئێران پێشنیازی کردووە گفتوگۆکان لەسەر "دۆسیەی ئەتۆمی" بۆ قۆناغێکی دواتر دوابخرێن، ئەوەش لە بەرانبەر سووککردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکە.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بژاردەی سەربازیی لە دژی ئێران تاوتوێ دەکرد، هاوکات راپۆرتە هەواڵگرییەکان و چاودێرانی فڕین ئاشکرایان کردووە، ئەمریکا پردێکی ئاسمانیی سەربازیی گەورەی بەرەو ناوچەی کەنداو دەستپێکردووە، ئەم جووڵە سەربازییانە کە گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی و پێداویستی لۆجستی لەخۆدەگرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکاریی هێرشێکی ئەگەریی واشنتن بۆ سەر تاران لێکدەدرێتەوە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئەنجام.