ترەمپ: ئیدارەکەم کار بۆ لەناوبردنی چەکە وێرانکەرەکانی جیهان دەکات
ترەمپ: رێگە نادەین "شێتەکان" ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر ئێران و جەختی کردەوە، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی توانای ئەتۆمی.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئەمریکا رایگەیاند: "ناکرێت رێگە بدەین شێتەکان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەکەی کار دەکات بۆ لەناوبردنی هەر چەکێک کە توانای وێرانکردنی جیهانی هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەگەر واشنتن بە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (B2) بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی نەکردایەتە ئامانج، ئێستا تاران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو و ئیسرائیل، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپاشی پارچەپارچە دەکرد.
سەبارەت بە کشانەوە لەو پرسە، ترەمپ گوتی: "هەروا بە ئاسانی ئێران جێناهێڵین بۆ ئەوەی سێ ساڵی دیکە جارێکی دیکە ناچار نەبینەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیە بکەین. دەمانەوێت ئەرکەکە بە دروستی و بە شێوەیەکی کۆتایی ئەنجام بدەین."
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری بوێرانەی بەرامبەر ئێران داوە سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ دابەزینی بۆرسە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. گوتیشی: "ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێستاماندا بەرامبەر ئێران سەرکەوتووین و تا ئێستا 159 کەشتی جەنگیی ئێران تێکشکێنراون و لە بنکەی ئاودان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی ساڵانێکە لە رێگەی داخستنی گەرووی هورمزەوە هەوڵی "سەرانە سەندن" لە جیهان دەدات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا نزیکەی 400 تانکەری نەوت لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و ئازادکردنی ئەو بڕە نەوتە دەبێتە هۆی دابەزینێکی بێوێنەی نرخی سووتەمەنی.
گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە و گەمارۆی دەریایی خراوەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لەگەڵ توندبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری بارودۆخەکە.