پێنتاگۆن: گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا زیانی 5 ملیار دۆلاری لە ئێران داوە
بەگوێرەی خەمڵاندنە نوێیەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بەهۆی توندکردنەوەی گەمارۆ دەریایییەکان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە زیادی کردووە و کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی خێرا کاریگەر بووە.
راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بەهۆی ئەو سنووردارکردنە توندانەی خراوەتە سەر هەناردەی نەوتەکەی، نزیکەی 5 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی فراوانتری واشنتنە بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی تاران.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە نزیکەی 31 کەشتیی نەوتهەڵگر، بڕی 53 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە، لە ئاوەکانی ئێراندا گیریان خواردووە و ناتوانن بجوڵێن. بەهای ئەو نەوتە بە 4.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش ئاستی ئەو تەنگژە ئابوورییە نیشان دەدات کە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە، بەوپێیەی ئابووریی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
هاوکات ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاویکردەوە، ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆگا نەکردنی نەوت، پەنای بۆ بەکارهێنانی کەشتییە کۆنەکان بردووە. لەم چوارچێوەیەدا، کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاحی مۆدێل 1997، دوای چەندین ساڵ لە دابڕان و ونبوون لە سیستەمەکانی چاودێری، لە بەندەری "خارک" (سەرەکیترین مۆڵگەی هەناردەی نەوتی ئێران) بینراوەتەوە.
شارەزایان دەڵێن گەڕانەوەی ئەم کەشتییە کۆنانە نیشانەی پڕبوونی کۆگاکانی نەوتی ئێرانە، چونکە بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکانەوە زۆرێک لە کەشتییەکان ناتوانن بارەکانیان بگوازنەوە یان باری نوێ باربکەن، بۆیە ناچارن کەشتییە کۆنەکان وەک کۆگای سەر ئاو بەکاربهێنن.
هەناردەی نەوتی ئێران لە خاڵێکی چەقبەستوودایە. بەردەوامیی فشارە دەریایییەکان و چاودێرییە وردەکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە ناوچە هەستیارەکانی وەک گەرووی هورمز کە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا، جووڵەی بازرگانی نەوتی تارانی تا ئاستێکی مەترسیدار سنووردار کردووە.