ئیمارات گەشتە ئاسمانییەکانی ئاسایی دەکاتەوە

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئیمارات، رێکارە کاتییەکانی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاندووە، دۆخە ئاسایی بووەتەوە و گەشتەکان جووڵە و گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێدەکاتەوە.

دەستەکە ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئایاری 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی `داوە، ئەم بڕیارەیان بەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیربووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆخی ئەمنی و دەسپێکردنەوەی چالاکییەکان.

هەروەها جەختی کردووەتەوە، کە بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی گەرەنتی تەواو و بەرزترین ئاستی سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکان لەبەرچاو بگرن.

دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمارات، هاوکاریی و دانبەخۆداگرتنی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان لە ماوەی رابردوودا بەرز نرخاند و جەختی لە ئامادەیی تیمە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی خۆی کردەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ هەر ئەگەر پێشهاتێکی دیکە.

بە هۆی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە لە بەرەبەیانی 28ـی شوباتەوە دەستیان پێکرد، تاوەکوو 8ی نیسانی مانگی رابردوو جەنگەکە بەردەوامبوو، بەهۆیەوە زیاتر لە 12 هەزار و 300 گەشتی ئاسمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بە گوێرەی ئەو ئامارەی پێگەی چاودێری گەشتە ئاسمانییەکان (فلایت رادار 24) بڵاوی کردووەتەوە، لەنێویاندا گەورەترین گورز بەر فڕۆکەخانەکانی ئیمارات کەوتووە.