ئەمریکا هەزاران سەرباز لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە
بە گوتەی چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆن، دۆناڵد ترەمپ بە کشانەوەی هەزاران سەرباز لە ئەڵمانیا هەم پلانێکی سەردەمی ئیدارەی بایدن هەڵدەوەشێنێتەوە و هەم توڕەیی خۆی بەرانبەر بە قسەکانی راوێژکاری ئەڵمانی دەربڕی.
بەرپرسانی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەبێ ئەوەی ناویان بڵاو بکرێتەوە، ئاشکرایان کردووە، کشاندنەوەی 5000 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا و جێگیرکردنەوەیان لە ناوخۆی وڵات، هەڵوەشاندنەوەی ئەو پلانەی ئیدارەی جۆو بایدنە کە بۆ جێگیرکردنی یەکەیەکی مووشەکهاوێژی سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ئەوروپا.
بەرپرسەکانی پێنتاگۆن، بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوەکانیان قسەیان بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە و دەڵێن "ئەم جووڵەیەی ئیدارەی ترەمپ و بڕیاری کشاندنەوەی سەربازانی ئەمریکا، ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە ساڵی 2022، پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا.
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرای کردووە، کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە ئەڵمانیا لە ماوەی شەش بۆ 12 مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، ئەم بڕیارەش دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بە پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپادا دێت کە تایبەت بووە بە جێگۆڕکێ و دووبارە جێگرکردنەوەی سەربازەکان.
بە گوتەی بەرپرسەکانی وەزارەتی جەنگ، دۆناڵد ترەمپ لەم خولە و لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیدا بیری لە کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکی لە ئەڵمانیا کردووەتەوە، بەڵام ئەم جووڵەیەی ئێستا وەک سزایەکە بۆ ئەڵمانیا، بە تایبەت دواجار هەڵوێست و قسەکانی فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی جەنگیی ئەمریکا دژ بە ئێران، توڕەیی ترامپی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت ئەم قسەیەی مێرز "ئاشکرایە ئەمریکییەکان هیچ ستراتیژییەکیان نییە."
ئەم قسەیەی راوێژکاری ئەڵمانیا، دۆناڵد ترەمپی توڕەکرد و کۆتایی هەفتەی رابردوو لە سۆشیەل تروس، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک توڕەییەکەی دەریڕی و نووسی "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی کەمکردنەوەی سەربازەکانێتی لە ئەڵمانیا، بڕیارەکە لەم نزیکانە دەدرێت."
لە لایەکی دیکەوە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس"ـی ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەڵمانیا کارێکی چاوەڕوانکراو بووە، جەختی کردەوە: "پێویستە ئێمەی ئەوروپی بەرپرسیارییەتییەکی گەورەتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆمان بگرینە ئەستۆ."
هاوکات، گوتەبێژی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانییەکە لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیدایە بۆ روونکردنەوەی وردەکارییەکانی بڕیاری بڵاوەپێکردنی هێزەکان لە ئەڵمانیا."
ئەم گۆڕانکارییە سەربازییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر هەڵوێستەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەربڕیبوو سەبارەت بەو شەڕەی دژی ئێران لە ئارادایە. ترەمپ ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی پشتیوانی پێویستیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نیشان نەداوە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دژی ئێران دەستی پێکردووە.