شانۆگەرییەکی کوردی لە فێستیڤاڵێکی بەغدا چوار خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا
شانۆگەری "ئەو پیاوەی بوو بە سەگ"، لە دەرهێنانی بەرهەم ئەحەمەدە، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ساڵانەی کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی بەغدا، چوار خەڵاتی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئایاری 2026، بەرهەم ئەحمەد، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو شانۆگەرییە لە نووسینی ئۆزڤاڵدۆ دراگۆنە و لە ئامادەکردن و دەرهێنانی خۆمە، لەو فێستیڤاڵەدا توانیمان چوار خەڵات ببەینەوە وەکو، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ، و خەڵاتی باشترین ئەکتەری ناوەند بۆ هەردوو رەگەز کچ و کوڕ، کە ئەمەش نیشانەیەکی روونە لە ئاستی بەرزی کارگێڕی و ئەدای هونەریدا."
بەرهەم ئەحمەد گوتیشی، "شانۆگەرییەکە چیرۆکی ژیانی پیاوێکی هەژار دەگێڕێتەوە کە لە کۆمەڵگەدا بێبایەخ کراوە. ئەم پیاوە، بۆ دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆی، بەردەوام لە تێکۆشانە، بەڵام هەمیشە تووشی ستەم، سووکایەتی و نادادپەروەریی دەبێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، فشارەکانی ژیان کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر دەروونی دادەنێن، تا وای لێدێت خۆی وەک سەگ ببینێت و کۆمەڵگەش بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکات."
ئەو دەرهێنەری لەرووی هونەرییەوە باسی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لەم نمایشەدا من بە شێوەیەکی رەمزی و هونەری، ئەم گۆڕانکارییە دەروونییە پیشان دەدەم و رەخنەیەکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی ستەمکار دەکەم، کۆمەڵگەیەک کە دەتوانێت مرۆڤایەتی و کەرامەتی مرۆڤ لەناوببات. شانۆگەرییەکە بە شێوەیەکی روون، بابەتە گرنگەکانی وەک هەژاری، بێکاری و بێبایەخکردنی مرۆڤ دەخاتەروو."
بەرهەم ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، "شانۆگەری "ئەو پیاوەی بوو بە سەگ"، نەک تەنیا کارێکی هونەری بوو، بەڵکو بانگەوازێکی کۆمەڵایەتی بوو بۆ بیرکردنەوە لەسەر مرۆڤایەتی، دادپەروەریی و کەرامەتی مرۆڤ لە نێوان کۆمەڵگادا. من سوپاسی کاستی نمایشەکەمان دەکەم و هیوادارم بەشداری زۆرترین فێستیڤاڵ بکەین و بتوانین خەڵاتی گەورە ببەینەوە."
شانۆگەری "ئەو پیاوەی بوو بە سەگ" لە نووسینی ئۆزفاڵدۆ دراگۆنە و لە دەرهێنانی بەرهەم ئەحمەدە، لە خولی 38ەمینی فێستیڤاڵی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا، لەکۆی شەش نمایش، ئەو شانۆگەرییە توانی چوار خەڵاتی گرنگی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.