پاکستان رێڕەوێکی وشکانی بۆ ئێران دەکاتەوە
پاکستان رێڕەوێکی ترانزێت بەڕووی ئێراندا دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییانەی بەسەر تاراندا سەپێنراون.
وەزارەتی بازرگانیی پاکستان رایگەیاند، بە فەرمی رێگەیان داوە کاڵای ترانزیتیی وڵاتانی سێیەم بە خاکەکەیاندا بەرەو ئێران تێپەڕ ببێت. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنی گواستنەوەی ساڵی 2008ی نێوان هەردوو وڵاتدایە، رێگە دەدات کاڵاکان لە بەندەرەکانی گوادر، کەراچی و قاسمەوە بگوازرێنەوە بۆ دەروازە سنوورییەکانی تەفتان (میرجاوە) و گەبد (ریمدان) لە ئێران.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەم هەنگاوە گرنگییەکی ستراتیژیی زۆری بۆ تاران هەیە، چونکە پێشتر ئێران بەشێکی بەرچاوی هاوردەکانی لە رێگەی بەندەرەکانی ئیماراتەوە و بەتایبەت "جەبەل عەلی" دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەییەکانەوە، ئەو رێگەیە پەکی کەوتووە.
کردنەوەی ئەم رێڕەوە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە و ئامانج لێی گەیاندنی قەبارەی بازرگانیی نێوانیانە بۆ 10 ملیار دۆلار. لە کاتێکدا ناسەقامگیریی سنوورەکانی ئەفغانستان رێگری لە پاکستان کردووە بگاتە ئاسیای ناوەڕاست، ئێستا ئیسلام ئاباد دەتوانێت خاکی ئێران وەک پردێک بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز.
ئەم رێڕەوە دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی 60 ملیار دۆلاریی ئابووریی چین-پاکستان بۆ بەستنەوەی باشووری ئاسیا بە ئەوراسیاوە، هەروەها پێگەی جوگرافیای ئێران لە بەرانبەر گەمارۆ ئابوورییەکاندا بەهێزتر دەکات. وەک هەنگاوێکی کردارییش، دوو هەفتە پێش ئێستا بارهەڵگرێکی گۆشتی بەستوو لە پاکستانەوە بەناو خاکی ئێراندا بە سەرکەوتوویی گەیشتە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان.
ئەم بڕیارەی پاکستان لە کاتێکدایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز، زیاتر لە سێ هەزار کۆنتێنەری بارهەڵگر لە بەندەری کەراچیی پاکستان گیریان خواردووە. کردنەوەی شەش رێڕەوی وشکانی لەلایەن ئیسلام ئابادەوە یارمەتیی تاران دەدات ئەو گەمارۆیە تێپەڕێنێت و ئابوورییەکەی بپارێزێت.
واشنتن تاوەکوو ئێستا بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی پاکستان رانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
هاوکات، ئەم رێڕەوانە بەشێکن لە هەوڵەکانی پاکستان بۆ فراوانکردنی هەناردەکردنی کاڵاکانی بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاستی ئاسیا، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان داخراون.