ترەمپ: میلانیا داوام لێدەکات سەما نەکەم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی فلۆریدا، جارێکی دیکە سەرنجی میدیاکانی بۆ لای خۆی راکێشا کاتێک بە شێوازێکی تەنزئامێز باسی لە نهێنییەکانی ئەو سەما بەناوبانگەی کرد کە لە کۆتایی کەمپەینەکانیدا ئەنجامی دا.
ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانیدا ئاشکرای کرد، هاوسەرەکەی، میلانیا ترەمپ، یەکێک نییە لە هەوادارانی سەماکەی و زۆرجار داوای لێدەکات بیوەستێنێت. ترەمپ گوتی: "خانمی یەکەم پێم دەڵێت: ئازیزەکەم، تکایە سەما مەکە، چونکە ئەمە لە شکۆی سەرۆکایەتی ناوەشێتەوە و رەفتارێکی سەرۆکایەتییانە نییە."
بەڵام ترەمپ بە شێوازە نمایشکارییەکەی ناسراوە، بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە و رایگەیاندووە؛ ئەم قسانە نایوەستێنن، گوتیشی: "رەنگە ئەمە کارێکی سەرۆکایەتییانە نەبێت، بەڵام من لە راپرسییەکاندا بە جیاوازی 20 خاڵ لە پێشەوەم."
لە کاتی وتارەکەیدا و لەسەر ئاوازی گۆرانییە بەناوبانگەکەی "YMCA"، ترەمپ جارێکی دیکە سەمای کرد و چەپڵە و هاندانی زۆری ئامادەبووانی بەدەستهێنا. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گۆرانییە دوای چەندین ساڵ لە بڵاوبوونەوەی، بەهۆی کەمپەینەکانی ئەوەوە گەڕاوەتەوە بۆ پێشەنگی لیستەکانی گوێگرتن، ئەمەش وەک دیاردەیەکی مۆسیقی ناوازە وەسف کرد.
سەبارەت بە هەڵوێستی میلانیا، پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ "تایمز ئۆف ئیندیا" ئاماژەی بەوە کردبوو، هەندێک جار چێژ لەو سەما دەبینێت و دەزانێت کە جەماوەر حەزی پێ دەکەن و کەشێکی خۆشی دەبەخشێت، بەڵام هێشتا پێیوایە بۆ هەموو کاتێک گونجاو نییە.
بەگوێرەی ئینسایکلۆپیدیای "بریتانیکا"، گۆرانی "YMCA" لە ساڵی 1978 لەلایەن گرووپی دیسکۆی ئەمریکی "Village People" بڵاوکراوەتەوە. ئەم گۆرانییە لە نووسینی ڤیکتۆر ویلیس و بەرهەمهێنانی جاک مۆرالییە، لەو کاتەوە وەک یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی ئاهەنگ و بۆنەکان ماوەتەوە، تا دواجار بوو بە سیمبۆلێکی سەرەکی لە کەمپەینە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپدا.