لەندەن.. لە دوو رووداوی جیاوازدا چوار کەس برینداربوون
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، تەقەکردنێکی هەڕەمەکی لە ناوچەی بریکستن لە باشووری لەندەن بووە هۆی برینداربوونی چوار کەس، کە یەکێکیان پەککەوتەیە. پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات ئایا ئەم رووداوە پەیوەندی بە رووداوێکی چەقۆوە هەیە کە هەر لەو ناوچەیە و لە هەمان شەودا روویداوە.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، پۆلیسی میترۆپۆلیتەن رایگەیاند کە کاتژمێر 1:14ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئاگادارکراونەتەوە لە تەقەکردنێک لە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە لە شەقامی "کۆڵدهاربەر لەین" لە ناوچەی بریکستن. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنە "هەڕەمەکییەدا"، چوار کەس بریندار بوون. گەنجێکی 25 ساڵان باری تەندروستی لە مەترسیدایە، سێ کەسەکەی دیکەش کە تەمەنیان 21، 47 و 70 ساڵە، برینەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە.
هەروەها بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، نزیکەی کاتژمێرێک دوای تەقەکردنەکە، و لە کاتژمێر 2:17ـی بەرەبەیان، پۆلیس ئاگادارکرایەوە لە رووداوێکی چەقۆکدا لە شەقامی "ئەیکەر لەین" کە لە شوێنی یەکەمەوە نزیکە. لەوێ پیاوێکی 33 ساڵان دۆزرایەوە کە چەندین برینی چەقۆی پێوە بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە. پۆلیس ئێستا لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەم دوو رووداوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە یان نا.
تیمە تایبەتەکانی پۆلیسی میترۆپۆلیتەن تەنێا لە ماوەی چوار خولەک دوای پەیوەندییەکە گەیشتوونەتە شوێنی تەقەکردنەکە. لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و هۆکاری رووداوەکان بەردەوامن و ناوچەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە.
دەزگای فریاکەوتنی لەندەن رایگەیاند، تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری سەرەتایییان بۆ چوار بریندار کردووە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی دەزگاکە، دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی سەنتەرێکی سەرەکیی فریاکەوتنی شۆک (Trauma Centre) کراون و دووەکەی دیکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی.
پۆلیسی میترۆپۆلیتەن ئاشکرای کردووە، تا ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، بەڵام ئەفسەران سەرقاڵی ناسینەوەی ئەو کەسانەن کە لە پشت هێرشەکەوەن.
پشکنەر ئەڵام بەنگۆ، کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە دەکات، ئەم تەقەکردنەی وەک "کارێکی توندوتیژی" وەسف کرد. دڵنیایی دایە دانیشتووانی ناوچەکە و گوتی: "تێدەگەین ئەم رووداوە چەندە جێگەی نیگەرانییە بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی؛ تیمەکانمان بە خێرایی کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە".