بلومبێرگ: لێدوانەکانی ترەمپ، جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پەکخستووە
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا، کە پشت بە ئامارەکانی گواستنەوەی دەریایی دەبەستێت، رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و خەریکە بەتەواوی پەکیدەکەوێت، ئەمەش دوای لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاسۆکانی چارەسەری ململانێکان لەگەڵ ئێران.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، لە کاتێکدا رۆژی شەممە 9 کەشتی لە هەردوو ئاراستەی گەرووەکەدا تێپەڕیون، بەڵام رۆژی یەکشەممە تەنها دوو کەشتیی بازرگانیی ئێرانی تۆمارکراون کە بەو رێڕەوەدا تێپەڕیون.
بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دابەزینە گەورەیە نیشاندەری ئەوەیە کە هاتووچۆ لە گەرووەکەدا تەنها بۆ ئەو کەشتییانە سنووردار کراوە کە سەر بە وڵاتانی ناوچەکەن یان رەزامەندیی تایبەتیان هەیە.
هاوکات باس لەوەش کراوە، لە هەفتەکانی رابردوودا زۆرێک لە کەشتییەکان ئامێرەکانی دیاریکردنی شوێنیان (GPS) دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لە ئابڵۆقە دەریاییەکەی ئەمریکا رزگاریان بێت و تەنها کاتێک ئامێرەکان هەڵدەکەنەوە کە دەگەنە ئاوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
ئەم وەستانەی جوڵەی بازرگانی دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە 3ـی ئایاردا رایگەیاند، ئەگەرێکی کەم هەیە وەڵامەکەی ئێران بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردبوو تاران هێشتا باجێکی ئەوتۆی نەداوە لەبەرانبەر ئەوەی لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرانبەر بە جیهان و مرۆڤایەتی کردوویەتی.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی 20%ـی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەم پەککەوتنەی کەشتیوانی لە کاتێکدایە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە 13ـی نیسانی رابردووەوە ئابڵۆقەی توندیان خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.