پێنتاگۆن: بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ئێران 4.8 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتن لە دەریای عومان، ئێران لە وەرگرتنی نزیکەی 5 ملیار دۆلار داهاتی نەوت بێبەش بووە، ئەمەش گوشارێکی بێپێشینەی دارایی بۆ سەر تاران دروستکردووە.
ئاژانسی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی پێنتاگۆن، لەو کاتەوەی گەمارۆ دەریاییەکە لە 13ی نیسان دەستیپێکردووە، سوپای ئەمریکا رێڕەوی زیاتر لە 40 کەشتی گۆڕیوە کە هەوڵیانداوە نەوت و کاڵای قاچاخ بگوازنەوە. ئێستا 31 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران کە 53 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردووە، لە ناوچەی کەنداو گیریان خواردووە و بەهاکەیان بە لانی کەم بە 4.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەروەها دوو کەشتیش لەلایەن ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەهۆی ئەوەی کۆگاکانی نەوت لە وشکانی پڕبوونەتەوە و ئێران ناتوانێت نەوت بار بکات، بار هەڵگرە کۆنەکان وەک "کۆگای سەر ئاو" بەکار دەهێنێت. هەروەها هەندێک لە کەشتییەکان رێگەی دوورتر و پڕ تێچووتر بە کەناراوەکانی پاکستان و هیندستاندا دەگرنە بەر بۆ گەیاندنی نەوت، تاوەکو لە چاودێرییە دەریاییەکانی ئەمریکا دەربازیان بێت.
شارەزایانی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم گەمارۆیە ئەوەیە کە ئێران بگاتە لوتکەی توانای کۆگاکردنی نەوت و ناچار بێت بیرە نەوتەکانی دابخات.
گریگۆری برۆ، شرۆڤەکار لە گرووپی یۆرۆئاسیا دەڵێت: "ئێران تەنیا چەند هەفتەیەک یان ئەوپەڕی مانگێکی ماوە بۆ ئەوەی شوێنی کۆگاکردنی نەوتی نەمێنێت."
لەلایەکی دیکەوە، جۆێل ڤاڵدێز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، گەمارۆکە بە هێزێکی تەواوەوە کار دەکات و ئەو ئەنجامە کوشندەیەی هەیبووە کە واشنتن مەبەستی بووە. گوتیشی: "ئێمە گورزێکی کوشندە لە توانای رژێمی ئێران دەوەشێنین بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و هێزە چەکدارەکانمان لەسەر ئەم گوشارانە بەردەوام دەبن."