گەشتەکانی نێوان ورمێ و ئیستەنبۆڵ دەستیانپێکردەوە
جارێکی دیکە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری ئیستەنبۆڵ دەستیانپێکردەوە و لە یەکەم گەشتیشدا 129 کەس چوونە تورکیا.
عەزیم تەهماسبی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی ورمێ و ئیستەنبۆڵ دوای وەستانیان بەهۆی شەڕەوە دەستیان پێ کردەوە.
تەهماسبی ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026، یەکەم گەشتی ئاسمانییان بەرەو ئیستەنبۆڵ دەست پێ کردووە و لەمەودوا هەفتانە رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە گەشتەکانیان بەڕێوە دەچن.
لە بارەی یەکەم گەشتی ئەمڕۆکەوە، ئاماژەی بەوە دا، کاژێر 08:10 خولەکی بەیانی لە فڕۆکەخانەی تارانەوە گەشتەکە بۆ فڕۆکەخانەی ورمێ کراوە، دواتر لە کاژێر 09:30 خولەکەوە فڕۆکەکە لە ورمێوە بەرەو ئیستەنبۆڵ گەشتی کردووە و 129 کەس بەو فڕۆکەیە گەشتی تورکیایان کردووە.
بە پێچەوانەشەوە کاژێر 02:45 خولەک گەشتی گەڕانەوە لە ئیستەنبۆڵەوە لە فڕۆکەخانەی ورمێ نیشتووەتەوە و کاژێر 04:00ـیش فڕۆکەکە بەرەو تاران گەشتەکەی درێژ دەکاتەوە.
لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی ئێران بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە وەستابوون.