ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز لە زیادبووندایە و نرخی نەوت بەرزبووەوە

دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمز و کەناراوەکانی ئیمارات گەیشتووەتە لوتکەی گرژی، دوای ئەوەی چەندین هێرش کرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سوپای پاسدارانی ئێرانیش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات، هاوکات نرخی نەوت بە رێژەی 5% بەرزبووەوە. 

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە کەشتییەک لە دووری 14 میلی دەریایی لە رۆژئاوای بەندەری "سەقەر"ی ئیماراتی کەوتووەتەوە، هاوکات وەزارەتی کاروباری دەریایی کۆریای باشوور پشتڕاستی کردەوە، تەقینەوەیەک لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکی وڵاتەکەیان لە گەرووی هورمز روویداوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکووریش ئاماژەی بەوە کرد، 24 کارمەند لەناو ئەو کەشتییە کۆرییەدا بوون.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، چوار مووشەکی کرووزی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا دەستنیشان کردووە، سێ لەو مووشەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە لەسەر ئاوە هەرێمییەکان تێکشکێنراون و مووشەکی چوارەمیش لە دەریادا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی ناوچەی پیشەسازیی نەوتی فۆجەیرە، سێ هاووڵاتی هیندی بریندار بوون.

لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە هەر کەشتییەک پابەندی بنەماکانی ئەوان نەبێت لە گەرووی هورمز، بە هێز رای دەگرن، هاوکات ئێران بانگەشەی ئەوەش دەکات لە چەند کاتژمێری رابردوودا هیچ کەشتییەکی بازرگانی یان نەوتهەڵگر بە گەرووەکەدا تێنەپەڕیوە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەمریکایە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران رایگەیاند، رێگرییان لە چەند کەشتیەکی ئەمریکی کردووە تێپەڕ بن و هۆشدارییان داوە کە تێپەڕین بەو رێڕەوە دەریاییەدا دەبێت بە هەماهەنگی تاران بێت، بەرپرسێکی ئێرانیش ئاشکرای کرد، تەقەی هۆشدارییان لە کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی کردووە.

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، "یاساکانی پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە" (Rules of Engagement) هەموار کراونەتەوە و دەسەڵات دراوەتە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی کەشتییەکان دەبێتەوە لە کاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا، بیپێکن.

بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخەکەوە، بەریتانیا داوای لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە، ئەگەر بە نیازن بەو ناوچەیەدا تێپەڕ بن، باشترە رێڕەوی ئاوە هەرێمییەکانی عومان بەکاربهێنن.

لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و بە رێژەی 5% نرخەکەی بەرزبووەوە.