ئایا ترەمپ گرژییەکانی گەرووی هورمز وەک پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنێت؟

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت پڕۆسەی یاوەریکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، وەک پاساوێک بۆ دەستپێکردنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دژی ئێران بەکاربهێنێت.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە دۆخی نە جەنگ و نە رێککەوتن لەگەڵ تاران بێزار بووە و دەیەوێت بە جۆرێک ئەم چەقبەستووییە بشکێنێت، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە: "ئەگەر ئێرانییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا هەر کارێکی هەڵە بکەن، ئەوا وەک لایەنی خراپەکار دەردەکەون و مافی یاسایی دەدەنە ئەمریکا بۆ ئەوەی وەڵامی سەربازیی هەبێت، ئەم هەنگاوە وەک سەرەتای زنجیرەیەک لێکەوتە دەبینرێت کە بەرەو رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ دەچێت".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، لە رۆژی 4ـی ئایار پڕۆسەیەکی سەربازی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" (Project Freedom) دەستپێدەکات، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە رزگارکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەیە کە لە گەرووی هورمزدا پەکیانکەوتووە، ترەمپ دەڵێت:" چەندین وڵات کە بەشێک نین لە ململانێکان، داوای یارمەتییان لە واشنتن کردووە، چونکە کەشتییەکانیان تووشی کەمیی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە و تیمی کەشتییەکان لە دۆخێکی تەندروستی خراپدان".

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی کردووەتەوە، بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، سوپای ئەمریکا چەندین کەشتی و فڕۆکەی جەنگی و 15 هەزار سەرباز لە ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە.

چاودێران پێیان وایە، ئەم جموجۆڵە سەربازییە گەورەیە، تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی و گەیاندنی خۆراک نییە، بەڵکو تەڵەیەکە بۆ ئەوەی ئێران هان بدات بۆ کاردانەوە، تاوەکو ئەمریکا پاساوی نێودەوڵەتی و یاسایی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستووەی لەگەڵ تاران هەیەتی.