سێنتکۆم: 50 کەشتیی بازرگانی بەهۆی گەمارۆی سەر ئێرانەوە رێڕەویان گۆڕیوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامن لە چڕکردنەوەی چاودێرییە دەریاییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیەی واشنتن بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەیەکی کەشتی (USS Pinckney DDG 91)ی بڵاوکردەوە لە کاتی دەوریەگێڕان و چاودێریکردنی کەشتییەکی بازرگانی لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، تاوەکو ئەمڕۆ هێزەکانیان رێڕەوی 50 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە یان گەڕاندوویانەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە سەرجەم کەشتییەکان پابەندی بڕیاری گەمارۆکەی سەر ئێران دەبن.
ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەمریکا هێزێکی زۆری بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و جێبەجێکردنی سزاکان لەو ناوچەیە بڵاوکردووەتەوە.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە دەریای عومان و گەرووی هورمز، مێژوویەکی درێژیان هەیە، بەڵام دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 و گرتنەبەری سیاسەتی فشاری زۆرینە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، ململانێکان چوونە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
گەرووی هورمز کە ئێستا بووەتە چەقی ئەم مانۆڕە سەربازییانە، بە گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە دادەنرێت، بە جۆرێک نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
هەر جۆرە پەککەوتنێک یان داخستنی ئەم گەرووە، دەبێتە هۆی هەڵکشانی خێرای نرخی سووتەمەنی و پەککەوتنی ئابووری جیهانی، هەر بۆیە واشنتن بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لەو ناوچەیە وەک پاراستنی ئاسایشی دەریاوانیی نێودەوڵەتی وەسف دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، تاران هەمیشە هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر نەتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات، ئەوا رێگە نادات هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش سوود لەو رێڕەوە وەربگرێت.
ئەم دۆخە کە ئێستا بە قۆناغی نە جەنگ و نە رێککەوتن ناسراوە، ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی سەربازی، بەتایبەت کە هەردوولا یاساکانی رووبەڕووبوونەوەیان هەموار کردووەتەوە و هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان.