ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوو فەتوا نوێ دەردەکات

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دوو فەتوای نوێی لەبارەی "ڕاگرتنی ئاژەڵ و باڵندە لە ماڵان" و "وەرگرتنی مووچە لە مەنفەز و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی پارە" بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دوو فەتوای نوێ دەردەکات.

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی بڵاوبووەتەوە، فەتوای یەکەم حوکمی راگرتنی تەیر و ماسی و باڵندە وئاژەڵی دڕەندە لە ماڵدا رووندەکاتەوە بەمشێوەیە: 

یەکەم" سەبارەت بە راگرتنی تەیرو باڵندە و ئەو ئاژەڵانەی دڕندە نین، ئەگەر لەژینگەی خۆیانەوە بهێندرێن بۆ ناو قەفەس و شوێنە داخراوەکان، ئەوە کارێکی ناپەسەندە، بەتایبەت ئەو جۆرە تەیرو ئاژەڵە کێوییانەی لە ژینگەی کوردستاندا بەرەو نەمانن، چونکە پاریزگاری کردن لەجۆر و ئەندازەیان پێویستییەکی نیشیمانییە و بەشێکن لە جوانی سروشت و ژینگەکەمان و پێویستە پاریزگارییان لێ بکریت".

دووەم" سەبارەت بەو تەیرو ئاژەڵانەی کە تەنها لە ماڵاندا دەتوانن بژین وەک پەمپەغاو کەناری و تەیرالحب و کۆتری جوانیی و هەندێک جۆرە کەروێشک و پشیلە و .. هتد ئەوە راگرتنیان دروستە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1. خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بکریت.
2. بپارێزرێن لە دڕندە و سەرما و گەرما.
3. ئیسراف لە کڕینیاندا نەبێت.
4. بۆ فەخر و خۆ نواندن بەسەر خەڵکیدا رایان نەگریت.
5 .شەڕیان پێ نەکات لەگەڵ یەکدی.
6. وا باشە نێرو مێیان پێکەوە رابگیرێت نەک تەنها نێر یان تەنها مێ بخاتە قەفەسەوە".

سێیەم" سەبارەت بە راگرتن و پەروەردەکردنی ئاژەڵی دڕندە دروست نییە تەنها بۆ باخچەی ئاژەڵان و سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی نەبێت، ئەوەش بە مەرجی پارێزگاری کردنی کۆمەڵگە لە زیانیان و دابین کردنی خواردن و خواردنەوەی پێویست بۆیان .هتد، هەروەها ئەو ئاژەڵانەی تریش کە پیس و گلاون دروست نییە راگرتنیان وەک پێشتر لە فەتوای ترماندا روونمان کردووەتەوە".

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، دەڵێت، بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی و هاوڵاتیان پرسیاریان کرد سەبارەت بە حوکمی "وەرگرتنی مووچە لە مەنفەز و نوسینگەکانی حەواڵە و پارە گۆڕینەوە" ئەنجوومەنەکە بەمشێوەیە روونیدەکایتەوە"

"دەقی فەتوای دووەم"

 بە حوکمی وەرگرتنی مووچە لە مەنفەز و نوسینگەکانی حەواڵە و پارە گۆڕینەوە، لەبەرانبەر عمولەیەک کە لێیان دەگیرێتەوە، بە هۆی کەمی ئامێرەکانی (ATM) لە هەندێک ناوچەی کوردستان یان لەبەر قەرەباڵغی، هەندێک لە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی زوو مووچەکانیان بێتە دەست ڕێک دەکەون لەگەڵ مەنفەزەکان یان دوکانەکانی پارە گۆڕینەوە کە لە بەرانبەر بڕێک پارە مووچەکانیان بۆ وەردەگرن.

ئەسل وایە هەر کەسێک مووچەی خۆی لە (ATM)ی خۆی وەربگرێت و ئەگەر هاووڵاتی پەلەی بوو و پێویستی پێ بوو کە زوو مووچە یان پارەکەی خۆی بێتە دەست و لە ATM بۆی وەرنەدەگیرا، ئەوا بەم مەرجانەی خوارەوە دروستە وەریبگرێت:

أ. پێویستە مووچە و پارەکەی هاتبیێتە سەر هەژمارەکەی و لە ناو هەژمارەکەیدا بێت لەوکاتەی کە مەنفەز یان نوسینگەکە بۆی جێبەجێ دەکەن، چونکە ئەگەر مووچەکەی نەخرابێتە سەر هەژمارەکەی و هەژمارەکەی پارەی تیادا نەبێت، ئەوە قەرزێکە پێی دەدرێت لەلایەن مەنفەز یان نوسینگەکەوە لەبەرامبەر بڕێک پارە و ئەوەش دەبێتە ڕیبا و حەرامە.

ب. لەو کاتەی کە مەنفەز یان نوسینگەکە مووچەکەی پێ دەدات، پێویستە لە ناو هەژمارەی فەرمانبەرەکە دەری بهێنێت، یان لە ڕەسیدی خۆی دەری بهێنێت و ڕەسیدی هەبێت لەو کاتەدا و هەر لە هەمان کاتیشدا ئەو بڕە پارەیەی داویەتی بە فەرمانبەرەکە لە هەژماری جزدانی فەرمانبەرەکەوە بخریتە سەر هەژماری مەنفەزەکە یان نوسینگەکە، لەبەر مەرجی دەستبەدەستی (التقابض).

ت. پێمان باشە ئەگەر کرا فەرمانبەرەکە بە جودا عمولەیەک بدات بە خاوەن مەنفەزەکە یان نوسینگەکە، وە ئەگەر ئەو کارە نەکرا ئەوا دروستە بەپێی قاعدەی (إذا ضاق الأمر اتسع).