ئیسرائیل چەکێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی درۆنەکانی حزبوڵڵا بەکاردەهێنێت

وێنەی چەکە نوێیەکەی ئیسرائیل
وێنەی چەکە نوێیەکەی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل لە هەوڵێکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی درۆنەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر سەربازەکانی لە باشووری لوبنان دروستیان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری داوە جۆرە فیشەکێکی تایبەتی "پارچەپارچەکەر" بەکاربهێنێت کە بۆ چەکی جۆری M-16 گونجاون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئەو وڵاتە داوای کڕینی سەدان هەزار سندوق لەم تەقەمەنییە تایبەتەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بگاتە دەستیان. هاوکات لەگەڵ دابینکردنی ئەم چەکە نوێیە، سوپای ئیسرائیل رێنمایی داوەتە سەربازەکانی کە تۆڕی پارێزەر بەسەر بینا و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیاندا بدەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکان.

ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، حزبوڵڵای لوبنانی دەستی کردووە بە بەکارهێنانی درۆنی زۆر پێشکەوتوو بە سیستەمی "تەلی ریشاڵی نوری" کار دەکەن. مەترسیی ئەم درۆنانە لەوەدایە، پێویستیان بە شەپۆلی رادیۆیی و GPS نییە، بۆیە ئامێرەکانی پارازیت و جەنگی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل ناتوانن پەکین بخەن، ئەمەش وایکردووە ئاشکراکردن و خستنەخوارەوەیان بۆ سیستەمە بەرگرییەکان ببێتە گرفتێکی سەخت.

ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە پێشتر لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا کاریگەریی خۆی سەلماندووە، بە شێوەیەک کار دەکات، دوای تەقاندنی فیشەکەکە لە ئاسماندا دەبێتە پێنج گۆیی ئاسنین و مەودای 30 مەتر دادەپۆشێت، ئەمەش شانسی پێکانی درۆنە بچووکەکان لە ئاسماندا زۆر زیاد دەکات.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن و حزبوڵڵا لە چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام بووە لە بە ئامانجگرتنی کۆبوونەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکان.