تاران..لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەرێکی بازرگانی 8 کەس گیانیان لەدەستدا
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە سەنتەرێکی بازرگانی لە رۆژئاوای تارانی، 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەداو سیمای ئێران لە زاری بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شارەکەوە رایگەیاند؛ تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە "تا ئاستێکی زۆر کۆنترۆڵ بکەن". هاوکات ئاژانسی "فارس" ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە هێشتا روون نەبووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە زاری بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوە گواستوویەتیەوە، رووکاری دەرەوەی تەلاری سەنتەرە بازرگانییەکە لە ماددەی خێرا گڕگرتوو دروستکراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی بە تەواوی باڵەخانەکەدا بڵاوببێتەوە.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یش رایگەیاندووە، لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەراوردکردنی شوێنەکە لەگەڵ وێنە ئەرشیفییەکان، راستی شوێنی رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.