بەشێکی زۆری کۆمپانیا و دیپلۆماتکاران نەگەڕاونەتەوە عێراق
کۆمپانیا بیانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان داوای گەرەنتیی ئەمنی دەکەن تا بگەڕێنەوە عێراق و دەست بە کارەکانیان بکەن.
گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ عێراق کارێکی ئاسان نییە. بەشێکی زۆری ئەو لایەنانە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە رابردوودا عێراقیان جێهێشتووە، ئێستاش داوای گەرەنتی ئەمنی دەکەن.
ئەنوار موسەوی، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆیشتنی کۆمپانیا بیانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق دروست کردووە. گوتیشی، ئەم دۆخە زیان بە داهات و ئابووری وڵات دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە حکوومەت پەیوەندی بەو لایەنانەوە بکات و هانیان بدات بگەڕێنەوە.
جەلال لامی، شارەزای ئابووری ئاماژەی بەوە دا، گەڕانەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان رێگە بۆ کۆمپانیا بیانییەکانیش خۆش دەکات بگەڕێنەوە. جەلال لامی روونی کردەوە، گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیانیانە سوودی زۆر بە سێکتەری نەوت، بانک و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەگەیەنێت.
موستەفا نعێمی، هاووڵاتی، ئاماژەی بەوە کرد، ژینگەی وەبەرهێنان پێویستی بە ئارامی و سەقامگیرییە. ئەوەشی خستە روو، پێویستە حکوومەت متمانەی پێویست لای کۆمپانیاکان دروست بکاتەوە و گەرەنتی پاراستنیان بدات.
لە ماوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران کە 40 رۆژ بەردەوام بوو؛ رۆژانە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن تارانەوە پشتیوانیی دەکرێن، هێرشی مووشەکی و درۆنییان دەکردە سەر باڵیۆزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە بەغدا؛ ئەمەش وایکرد، بەشێکی زۆری دیپلۆماتکار و کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانیان بوەستێنن و عێراق بەجێ بهێڵن.