مێتا یاریدەدەرێکی نوێی ژیریی دەستکرد بۆ کاری رۆژانە پەرەپێدەدات
رۆژنامەی فاینانشال تایمز ئاشکرای کردووە، کۆمپانیای مێتا کار لەسەر پەرەپێدانی یاریدەدەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد دەکات، کە دەتوانێت بە نوێنەرایەتی بەکارهێنەران کارە رۆژانەکان جێبەجێ بکات.
رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" بڵاویکردەوە، کۆمپانیای "مێتا پلاتفۆرمس" خەریکی پەرەپێدانی یاریدەدەرێکی ژیریی دەستکردە کە ئاستێکی بەرزی تایبەتمەندی هەیە و ئامانج لێی جێبەجێکردنی ئەرکە رۆژانەکانی بەکارهێنەرانیەتی. ئەم هەنگاوەی مێتا لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکە رووبەڕووی گوشاری وەبەرهێنەران بووەتەوە سەبارەت بە زیادبوونی خەرجییەکانی لە بواری ژیریی دەستکرددا.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار لەسەر ئامرازگەلێک دەکات کە "توانای کارکردنیان" هەیە و بە نوێنەرایەتی بەکارهێنەر کار دەکەن، یەکێک لەوانە یاریدەدەرێکی دیجیتاڵی پێشکەوتووە کە پشت بە مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد دەبەستێت بە ناوی "میوز سپارک" (Muse Spark).
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە گرووپێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە لە ناوخۆدا خەریکی تاقیکردنەوەی ئەم یاریدەدەرەن، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرهەمێک کە هاوشێوەی "ئۆپن کڵۆ" (OpenClaw) بێت، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (OpenAI) دەگەڕێتەوە. ئۆپن کڵۆ دەتوانێت چەندین ئامرازی ئامێر و پرۆگرام بەیەکەوە ببەستێتەوە و بە کەمترین دەستوەردانی مرۆیی، لە داتاکانەوە فێر ببێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "ئینفۆرمەیشن" بڵاویکردووەتەوە کە مێتا خەریکی مەشقپێکردنی بریکارێکی ناوخۆیی ژیریی دەستکردە بە ناوی کۆدی (Hatch)، کە لە "ئۆپن کڵۆ"وە وەرگیراوە و ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی مانگی حوزەیران تاقیکردنەوە ناوخۆییەکانی تەواو بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، مێتا پلانی هەیە ئامرازێکی جیاوازی کڕین (Shopping) لە ناو خزمەتگوزاری ئینستاگرامدا جێگیر بکات و ئامانجیشی ئەوەیە پێش وەرزی چوارەمی ئەمساڵ بیخاتە گەڕ.
کۆمپانیای دایکی فەیسبووک و ئینستاگرام، لە کۆتایی مانگی رابردوودا پێشبینییەکانی بۆ خەرجییە ساڵانەکان بەرزکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پلانی کۆمپانیاکە بۆ خەرجکردنی ملیاران دۆلاری دیکە لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا.