نرخی نەوت هاڕەی کرد

بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی گەورەیان تۆمارکرد و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ئاستی 100 دۆلاری شکاند و گەیشتە 98 دۆلار.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا روویان لە دابەزینێکی کتوپڕ کرد. نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە، نرخی برێنت لە کاتی داخستنی بۆرسەدا بە 109.87 دۆلار جێگیر ببوو.

هاوکات، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاو (Crude Oil) دابەزینێکی پێوانەیی بەخۆوە بینی و لە دەوروبەری 89 دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە رێژەی 11.87%ی بەهاکەی لەدەستدا.

شارەزایانی بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن، هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە خێرایە بۆ نزیکبوونەوەی ئەگەری رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت هەر جۆرە رێککەوتنێک ببێتە هۆی گەڕانەوەی بڕێکی زۆری نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران پێشبینی زیادبوونی خستنەڕوو بکەن و نرخەکان بەو شێوەیە دابەزن.

ئەو دابەزینە لە نرخەکانی نەوت لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت 1.89 دۆلار، واتە بە رێژەی 1.7% دابەزی و گەیشتە 107.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە بڕی 1.83 دۆلار، واتە بە رێژەی 1.8% دابەزی و بە 100.44 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا بەڵام هەر چەند کاتژمێرێک دواتر نرخەکانی بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو روو لە دابەزینێکی کتوپڕ و خێرایان کرد.