رۆیتەرز: چین دەیەوێت دراوەکەی بەجیهانی بکات
بانکی ناوەندیی چین هەوڵێکی بەرفراوان دەستپێدەکات بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی یوانی دیجیتاڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمەش بەیژینگ دەخاتە سەر رێگەیەکی جیاواز و کێبڕکێکار لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی ئایندەی پارە و کەمکردنەوەی هەژموونی دۆلار.
بانکی گەلی چین (PBOC) لە رێگەی کۆمەڵێک رێکاری نوێوە، بانکەکان هاندەدات و رێنمایی نهێنییان ئاراستە دەکات بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی یوانی دیجیتاڵی (e-CNY) لە بوارە جیاوازەکانی وەک تیروپشکی لۆتەری، کرێی کارەبای سەوز و خەرجییە داراییەکانی وڵات.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، فشار لە بانکەکان دەکرێت بۆ پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئەم دراوە لە مامەڵە سنووربەزێنەکاندا، بەتایبەتی لە رێگەی پڕۆژەی "دەسپێشخەریی پشتێن و رێگە"، بەجۆرێک بانکەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ دروستکردنی بەرهەمی گونجاو وەک قەرز و بڕوانامە بانکییەکان بە یوانی دیجیتاڵی.
ئەم هەنگاوەی چین تەواو پێچەوانەی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی لە "دراوە جێگیرەکان" (stablecoins) دەکات، بەڵام بەکارهێنانی ناوخۆیی دراوە دیجیتاڵییەکانی سەر بە بانکە ناوەندییەکانی قەدەخە کردووە.
بە گوتەی پسپۆڕان، بەیژینگ دەیەوێت لە رێگەی یوانی دیجیتاڵییەوە پشتبەستن بە سیستەمی پارەدانی جیهانی کەم بکاتەوە کە لەلایەن دامەزراوە رۆژئاواییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و دۆلار تێیدا دراوی سەرەکییە. یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیی "بەچەککردنی دۆلار"ی دەرخستووە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ناوچەکەدا هەوڵی "دۆلار-سڕینەوە" (de-dollarization) بدەن و روو لە یوانی چینی بکەن.
بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، کۆی مامەڵەکانی یوانی دیجیتاڵی لە ساڵی 2019ـەوە گەیشتووەتە 16.7 تریلیۆن یوان (نزیکەی 2.47 تریلیۆن دۆلار)، هەرچەندە ئەم رێژەیە هێشتا کەمترە لە مامەڵەکانی کارتی "یونیون پەی" کە تەنیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 279 تریلیۆن یوان.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، چین گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانیدا کردووە و رێگەی داوە "سوود" بچێتە سەر هەژمارەکانی یوانی دیجیتاڵی، هەروەها ژمارەی ئەو بانکانەی رێگەیان پێدراوە مامەڵەی پێوە بکەن بۆ 22 بانک زیادیکردووە. ئەمەش وایکردووە بانکەکان زیاتر هان بدرێن بۆ برەودان بەم دراوە، چونکە وەک سپاردەی بانکی هەژمار دەکرێت.
هەروەها دەسەڵاتدارانی چین سیستەمی "گرێبەستە زیرەکەکان" تاقی دەکەنەوە کە تێیدا پارەدان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری لە بیمەی تەندروستی و چاودێریکردنی بەکارهێنانی وزەی سەوز بەکاردێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، شاری شانگهای هانی دامەزراوەکان دەدات سەکۆی mBridge بەکاربهێنن، کە سەکۆیەکی جیهانییە و چین، هۆنگ کۆنگ، تایلاند، ئیمارات و سعوودیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکان بە دراوی دیجیتاڵی، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن هێشتا رێگەیەکی درێژ لەبەردەم جیهانیبوونی تەواوەتی یوانی دیجیتاڵیدا ماوە.