لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا
لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق و لایەنە سیاسییەکان هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا و بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکاتەوە.
بەپێی زانیاریی کوردستان24؛ بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای راستەوخۆی، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بووە، کە جەختی لەوە کردووەتەوە بوونی پارتی وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەر بۆ سەرخستنی کارنامەی حکوومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق گرنگە. هاوکات، لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوایان لە پارتی کردووە بگەڕێتەوە پەرلەمان و حکوومەت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی بەر لە گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو جەختی لە گفتوگۆ لەسەر جێگیرکردنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو کارنامەی حکوومەتی داهاتوو و گرنگیی تێپەڕاندنی چەند یاسایەک کردووەتەوە.
شەممە، 18ی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، هەڵوێستی کۆتایی خۆی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای پەرلەمان راگەیاند و بڕیاری دا بە شێوەیەکی کراوە و تا کاتێکی نادیار، بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، کە لەسەر بنەمای (هاوبەشیی راستەقینە، هاوسەنگی لە دەسەڵات و سازانی نیشتمانی) بنیات نراون، بە ئاشکرا پشتگوێ خراون.