هەولێر.. لە مانگێکدا زیاتر لە 17 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوایان کردووە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە شاری هەولێر، ئاماری سەردان و چارەسەری نەخۆشانی بۆ مانگی نیسانی بڵاوکردەوە، زیاتر لە 17 هەزار هاووڵاتی بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگی نیساندا کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە گەیشتووەتە 17 هەزار و 124 نەخۆش.

حاڵەتەکانی پێشوازی
لە بەشی پێشوازیدا، 4 هەزار و 397 حاڵەت تۆمارکراون. جۆری حاڵەتەکان بەمشێوەیە دابەشبوون:

زەبری دەرەکی: 827 حاڵەت.

بەربوونەوە: 811 حاڵەت.

شکان: 746 حاڵەت.

هەناو: 705 حاڵەت.

رووداوەکانی هاتووچۆ: 389 حاڵەت (224 ئۆتۆمبێل و 165 ماتۆڕسکیل).

گەستنی سەگ و پێوەدانی دووپشک: 92 حاڵەت.

برینداربوون بە گولە: 10 حاڵەت.

زیان گەیاندن بەخۆ: 19 حاڵەت.

هەروەها لە مانگی نیساندا 463 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون، کە زۆرترینیان نەشتەرگەری شکان بووە بە 270 حاڵەت، دواتر نەشتەرگەری گشتی (78) و نەشتەرگەری جوانکاری (58) دێن.

هەر لەو ماوەیەدا 836 نەخۆش بۆ ماوەی پتر لە 24 کاتژمێر لە نەخۆشخانە خەوێندراون، کە 99یان لە ژێر چاودێری وردی (ICU) و 41یان لە (RCU) بوون. هەروەها 93 حاڵەتی مردن لە بەشەکانی خەواندن تۆمارکراوە.

پشکنینە تاقیگەیی و تیشکییەکان
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا لە ڕووی خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکانەوە ئامارێکی بەرزی تۆمارکردووە، کۆی گشتی پشکنینەکان گەیشتووەتە 30 هەزار و 317 پشکنین، کە بەمشێوەیە بووە:

تاقیگە: 18,255 پشکنین.

تیشک: 9,116 پشکنین.

سۆنار: 2,075 پشکنین.

سی تی سکان (CT-Scan): 871 پشکنین.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا یەکێکە لە نەخۆشخانە حکوومییەکان و رۆژانە پێشوازی لە سەدان بریندار و نەخۆشی فریاکەوتن دەکات کە لە ناو شار و دەوروبەرییەوە رووی تێدەکەن.