تەندروستیی عێراق: هیچ حاڵەتێکی تووشبووی ڤایرۆسی هانتا تۆمارنەکراوە
وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتیكی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە لە چاودێرییەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێکاری پێویست و پێشوەختە بگرنەبەر.
سیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 9ی ئایاری 2026، رایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ئاستی جیهانی و هەرێمیدا بە بەردەوامی چاودێری دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکرێت و وەزارەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی پێشهاتەکان.
هاوکات ئاماژەیداوە، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختە و پێویست بۆ دڵنیابوونەوە و پێدانی رێنمایی زانستی بە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە تەندروستییەکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردن لە ئەگەری تۆمارکردنی هەر حاڵەتێک، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی.
بەدر لە راگەیەندراوەکە ئاماژەیداوە، هاتنا ڤایرۆسێکی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکاندا، بەڵام گوێزرانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ پەیوەستە بە شوێن و رەنگە لە هەندێک کات و شوێندا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە پەتایەکی توند و مەترسیدار.
لە 2ی ئەم مانگەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەریتانیا ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمارکردنی چەند حاڵەتی هەناسەتەنگی توند لەنێو سەرنشینانی کەشتییەکی گەشتیاری پێگەیشتبوو، دواتر لە 4ی ئایاردا لە باشووری ئەفریقا پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆشێکی تووشبووی ڤایرۆسی هانتا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی تووشبووان گەیشتوونەتە حەوت کەس.
بە گوتەی سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوەکوو ئێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەترسییە جیهانییەکانی بۆ بەربڵاوی و تووشبوون بەم ڤایرۆسە نوێیە ئاسایی وەسفکردووە، بەو پێیەی ژمارەی تووشبووانی لە ئاستێکی نزمدایە.