سی ئێن ئێن: پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و 30 رۆژ دانوستان خراوەتە روو
کەناڵی CNN لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، پلانێکی ناوخۆیی کورت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و مۆڵەتی 30 رۆژ بۆ دانوستان خراوەتە روو، کە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە تەوەرەی دانوستانە بەردەوامەکان بوون.
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی بەڵگەنامە پێشنیازکراوەکان جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، رادەگەیەنرێت و دوای ئەوەش قۆناغێکی دانوستان بۆ ماوەی 30 رۆژ دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی ئەم دانوستانانە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانە، لەوانە:
دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
ئازادکردنی پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران.
رێکخستنی کاروباری ئەمنیی داهاتوو لە گەرووی هورمز.
هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، پلانەکە پێشنیازی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ، لە کاتێکدا لە پێشنیارێکی پێشووی ئەمریکادا ئەو ماوەیە بە 20 ساڵ دیاری کرابوو.
ئەم هەواڵەی سی ئێن ئێن لە دوای ئەوە دێت، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا (ISNA) لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، تاران بە فەرمی پێشنیازێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێگەیشتووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی کە ماوەی دوو مانگ زیاترە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی ئێستا سەرقاڵی وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی پێشنیازەکەیە. هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران وەڵامی کۆتایی خۆی رادەستی دەوڵەتی پاکستان دەکات، کە لەم قەیرانەدا وەک ناوبژیوان و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هەردوولا کار دەکات.
هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی و تاران لە لێواری گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی مێژووییدان و یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی وەک نەخشەڕێگەی نوێی دیپلۆماسی ئامادە کراوە.
بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان لە ماوەی مانگێکدا، لە بەرامبەردا تاران رەزامەندی داوە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی دەرەوە بکات و گەرەنتی نەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدات.
ئەم پێشهاتە سیاسییە کاریگەرییەکی خێرای کردووەتە سەر بازاڕە جیهانییەکان و نرخی نەوتی بە رێژەی 7% دابەزاندووە، لە کاتێکدا واشنتن 48 کاتژمێری بۆ وەڵامی کۆتایی تاران دیاری کردووە و هۆشداریی داوە کە شکستی ئەم هەوڵە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان.
بڕیارە خولی داهاتووی دانوستانەکان لە نێوان ئیسلامئاباد یان جنێڤ بەڕێوە بچێت بۆ یەکلاکردنەوەی کۆدەنگیی کۆتایی.