بەم نزیکانە بەرنامەی کاری سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەگاتە پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: کە لەم دوو رۆژەدا بەرنامەی کاری حکوومەت لە لایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە دەگاتە دەست پەرلەمانتاران.

چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "پەرلەمان ئەمڕۆ یان سبەی، بەرنامەی حکوومەت لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە وەردەگرێت بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن و ئاگاداری وردەکارییەکانی بن".

لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی کۆتایی پێهێنا کە لە لایەن لێژنەی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانەوە پێشکەش کرابوو.

هەروەها عەبدولموحسین مووسەوی، سەرۆکی نەهجی وەتەنی بە کوردستان24ـی راگەیاند: دەبێت تاوەکوو سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت، ئەگەرنا بەهۆی وەرزی حەجەوە عێراق دەکەوێتە بەردەم بۆشاییەکی دەستووری.

ئێوارەی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی لەسەر دیاریکردنی عەلی فالح زەیدی، وەک تاکە کاندیدیان بۆ وەرگتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتن.