قالیباف: واشنتن جەنگێکی ئابووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێران لە ناوەوە دەستپێکردووە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە رێگەی گەمارۆ و تەنگەژەی ئابوورییەوە فشار بخاتە سەر ئێران و وڵاتەکە لە ناوەوە لاواز بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە.

چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "گەلی ئێران زیانمەندی یەکەمی بڕیارە هەڵەکانی ئەمریکان و رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بوونەتەوە، داواشی لە ئێرانییەکان کرد لە ناوخۆدا هاوکاری یەکتر بن بۆ ئەوەی بە کەمترین مەینەتییەوە لەم قۆناغە تێپەڕن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە ناو جەنگێکی گەورەی هاوچەرخدایە و گوتی: "دوژمن پشت بە فشاری ئابووری دەبەستێت، نیشانەکانی ئەمەش رێکارە نوێیەکانی ئەمریکایە لە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی، کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە بۆ خۆبەدەستەوەدان".

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە پێویست نەکات نێردە تایبەتەکانی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بنێرت تاوەکوو لەگەڵ تاران گفتوگۆ بکەن، ترەمپ گوتیشی: "پێم وایە دەتوانین لێرە کارەکان رای بکەین و رەنگە تەنها کۆبوونەوەی کۆتایی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە شوێنێک ئەنجام بدەین".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە بڕیاریدا"پڕۆژەی ئازادی کە پڕۆژەیەکی سەربازی بوو بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رابگرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

هاوکات، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوای نەمانی هەڕەشەی دەستدرێژکاران، ئێستا هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ئارام و جێگیر بەردەوامە.