میسر..گرانی نرخی ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندیی ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە
بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و پەرەپێدانی ژێرخان، حکوومەتی میسر بڕیاری زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی دا، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لای هاووڵاتییان و پسپۆڕانی ئابووری دروست کردووە.
بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی دەزگای پەیوەندییەکان لە میسر، لە رۆژی چوارشەممەوە نرخی پاکێجەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان بە رێژەی 9٪ تا 15٪ زیادی کردووە، دەزگا پەیوەندیدارەکان رایگەیاندووە ئەم زیادکردنە بۆ "دابینکردنی بەردەوامیی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی تۆڕەکانە".
وائل نەحاس، پسپۆڕی ئابووریە بە رۆژنامەی شرق الأوسطی راگەیاندووە، گرانبوونی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی بەشێکە لە "زنجیرەی گرانبوون" لە میسر و پێشبینی دەکات لە قۆناغی داهاتوودا نرخی دەرمانیش بەرزبێتەوە.
وائل نەحاس ئاماژە بەوە کردووە، زیادکردنی نرخەکان لە کاتێکدایە کە "کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە میسر لە ئاستێکی خراپدایە"، و دەڵێت کۆمپانیاکان قازانجێکی زۆر لە رێگەی ئەپڵیکەیشن و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەستدەخەن، بۆیە نەدەبوو هەموو تێچووەکە بخەنە ئەستۆی هاووڵاتییان.
لەلای خۆیەوە، ئیهاب مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی میسر، رەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت و رایگەیاند "هاووڵاتییان چیتر توانای بەرگەی بارگرانی زیاتریان نەماوە." هەروەها زۆرجار بەهۆی خراپی و پچڕانی ئینتەرنێتەوە کارە پەرلەمانییەکانی دەوەستن، بۆیە زیادکردنی نرخ لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەکی خراپدا بە "ناڕەوا" وەسف دەکات.
ئەم گرانبوونەی نرخی ئینتەرنێت دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئاداری رابردوو حکوومەتی میسر نرخی سووتەمەنی بە ڕێژەی 14٪ تا 30٪زیاد کرد، ئەمەش وایکردووە تێچووی گشتی ژیان لەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.