لە تورکیا رێژەی هاوسەرگیری کەمی کردووە
بەپێی نوێترین ئامارەکان لە تورکیا، رێژەی هاوسەرگیری لەنێوان گەنجان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و جیابوونەوەش زیادیکردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی بەشداریی لە کۆنفرانسێکدا لە ژێر ناوی "خێزان و دانیشتووان" لە شاری ئیستانبوڵ رایگەیاند، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکەیدا گەیشتووەتە "ئاستێکی مەترسیدار".
ئەردۆغان جارێکی دیکە جەختی کردەوە، داوای لە خێزانەکان کرد کە هەر هیچ نەبێت سێ منداڵیان هەبێت، گوتیشی، "وەک چۆن پێشتر داوای سێ منداڵمان دەکرد، ئێستاش کار دەکەین بۆ ئەوەی مەترسییەکانی داهاتوو لەسەر دانیشتووان کەم بکەینەوە."
ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بەمشێوەبوو:
هاوسەرگیری: لە ساڵی 2024دا 570 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی رابردوو دا ئەم ژمارەیە بۆ 552 هەزار کەمبووەتەوە.
جیابوونەوە: رێژەی جیابوونەوە لە ساڵی 2024دا 189 هەزار حاڵەت بووە، بەڵام لە ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ 194 هەزار حاڵەت.
بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی تورکیا هۆکاری دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری و منداڵبوون بۆ خراپی دۆخی ئابووری دەگێڕنەوە. هاووڵاتییەک لە ئیستانبوڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەخێوکردنی منداڵ زۆر زەحمەت بووە، هەموو شتێک پەیوەستە بە پارە و دۆخی داراییەوە، بۆیە خەڵک ناتوانن وەک پێشتر خێزان پێکبهێنن."
هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە پێش هەموو شتێک حکوومەت دۆخی ئابووری چاک بکات بۆ ئەوەی گەنجان هان بدرێن بۆ هاوسەرگیری، چونکە بێکاری و گرانی بوونەتە ڕێگر لەبەردەم فراوانبوونی خێزانەکان.
هەروەها حکوومەتی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، چەندین پاکێجی هاوکاری و قەرزی بۆ ئەو گەنجانە راگەیاندووە کە هاوسەرگیری دەکەن، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوانە تەنیا چارەسەری کاتین و تاوەکو کێشە بنەڕەتییەکانی وەک هەڵاوسان و بێکاری چارەسەر نەکرێن، ڕێژەی هاوسەرگیری ئاسایی نابێتەوە.