ئیسرائیل هۆشداری لە رێککەوتنی نوێی ئەمریکا و ئێران دەدات
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی و رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەی بە رزگارکردنی ئێران وەسف کرد.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی عیبری، ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێککەوتنە "کۆگای مووشەکیی ئێران وەک خۆی دەهێڵێتەوە" و دەستی لێنادات، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لە لای تەلئەڤیڤ دروست دەکات سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی ململانێکان لە داهاتوودا. هەروەها گوتیشی: "ئەم ڕێککەوتنە ئازادیی جووڵەی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان سنووردار دەکات و تەنیا بۆ ماوەی 15ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە سنووردار دەکات."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باش لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە. ترەمپ گوتیشی: "زۆر ئەگەر هەیە بگەینە رێککەوتن، پێموایە ئێمە لە ئێران سەرکەوتووین."
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو دانوستانەکان لە "ئیسلام ئاباد"ی پایتەختی پاکستان دەستپێبکەنەوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پشتڕاست کردەوە. هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکیش ئاماژەیان بەوە کردووە، واشنتن و تاران لە گەیشتن بە "تێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێران شەوی چوارشەممە هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەت کردەوە کە باس لە نزیکبوونەوەی رێککەوتنێکی نووسراو دەکەن. ئەو سەرچاوانە رایانگەیاند؛ ئەم هەواڵانە "هیچ بنەمایەکی راستییان نییە" و ئامانج لێیان تەنیا دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر بازاڕەکانی وزە.