تاران پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هورمز دەکات
رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ئێران، پەیامێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە کرد کە لە گەرووی هورمز و ئاوە هەرێمییەکاندان، تیایدا جەختی لە ئامادەیی تەواوی بەندەرەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە دەریاییەکان و پاڵپشتی تەکنیکی و لۆجستی.
پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ئێران رایگەیاندووە، ئامانجی ئەم پەیامە پاراستنی سەلامەتی دەریاوانان، باشترکردنی تواناکانی کەشتییەکان بۆ دەریاوانی و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی تیمی کەشتییەکانە و پەیامەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی سەنتەرەکانی پەیوەندی دەریایی لە بەندەرەکانی وڵاتەوە پەخش دەکرێت.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم ئەو کەشتیانەی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا دەڕۆن، بە تایبەت ئەو کەشتیانەی لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا لەنگەریان گرتووە، دەتوانن لە کاتی پێویستدا سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک، سووتەمەنی، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان، لەگەڵ دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ چاککردنەوە و چاکسازی.
رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە سەروەرییەکانی ئێرانە لە بواری سەلامەتی دەریایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەندەر و کاروباری دەریایی، کە رەنگدانەوەی ئامادەیی تەواوی بەندەرەکانی وڵاتە بۆ پاڵپشتیکردنی هاتوچۆی ئارام و بەردەوامی کەشتییە بازرگانییەکان لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی جیهاندا".
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە، ئەم پەیامە لە رێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی دەریایی و سیستمەکانی فریکوێنسی زۆر بەرز (VHF) لە ناوچەکەدا، رۆژانە سێ جار و بۆ ماوەی سێ رۆژی لەسەریەک پەخش دەکرێت.
ئاژانسەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، سەرجەم کاپتن و خاوەن کەشتییەکان دەتوانن لە رێگەی کەناڵی (VHF 16)ـەوە پەیوەندی بە سەنتەرەکانی خزمەتگوزاری هاتوچۆی کەشتییەکان (VTS) لە نزیکترین بەندەری ئێران یان نوێنەرە ناوخۆییەکانیانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە گشتییە دەریاییەکان و راگەیاندنی پێداویستییەکانیان.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو کە رایگەیاندبوو، پەڕینەوەی ئارام و سەقامگیر لە گەرووی هورمز لەگەڵ نەمانی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران مسۆگەر بووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ پڕۆژەی "ئازادی" راگرت کە جموجۆڵێکی سەربازی ئەمریکی بوو بە ئامانجی پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بەهۆی بوونی پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە.