دادگایکردنی عەجاج دواخرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا گوتی: بە بڕیاری دادگای رەسافە دانیشتنی عەجاجی بۆ 14ـی ئەم مانگە دواخرا، ئەمەش دوای ئەوەی وتە لە 25 شایەتحاڵ وەرگیران.

دیلان بارزان گوتیشی: "عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تاوانانەدا کرد کە لە نوگرەسەلمان ئەنجامدراوە. هەربۆیە دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ 14ـی ئایاری 2026، تاکوو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەی لە هۆلەکەدا دانیشتبوو بەشێکی زۆری ئامادەبووان باسیان لەو تاوانانە کرد کە عەجاج تکریتی ئەنجامی داوە."

بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی لە دادگای رەسافە لە بەغدا دادگایی بکرێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بڕیاربوو دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدات، بەتایبەت کە تۆمەتبار پێشتر لە قۆناخەکانی لێکۆڵینەوەدا دانی بە بەشێک لە تاوانەکانیدا ناوە کە دەرهەق بە ئەنفالکراوان ئەنجامی داوە.

دوای ئەوەی کە لە 30ـی تەمووزی ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، چەند جارێک بۆ گوتە لێوەرگرتن هێنراوەتە دادگای رەسافە، بەڵام ئەمڕۆ  دادوەر بڕیاری دواخستنی دادگایی کردنی عەجاجی دا.

پێشتر عەجاج دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە نوگرەسەلمان دەرهەق بە هاووڵاتیانی کورد ئەنجامی داوە.

نزیکەی 221 کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، سلێمانی و هەولێر ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا و ناو هۆڵی دادبینی ئامادە بوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شاهیدی سزادانی ئەو جەلادە بن کە بە دڕندەترین شێوە ئازاری کەسوکاریانی داوە.

عەجاج کە فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە زیندانی نوگرەسەلمان، بەوە ناسراوە کە شێوازی قێزەونی ئەشکەنجەدانی بەکارهێناوە، لەوانە هێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمای بەهێزی بیابانەکانی سەماوە.

 هەینی 1ـی ئابی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای لێکۆڵینەوە وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خەیاندووە، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای موسەننا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەددین، توانیان یەكێک لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی رژێمی پێشووی عێراق، لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیر بکەن، کە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردبوو، کارەکانی جەلادەکەی نوگرە سەلمان بریتیبوون لە؛ ئەشکەنجدان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییان هەروەها دەستدرێژی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە.

عەجاج ئەحمەد کێیە؟

ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بوو، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی ئەنفال لە ساڵی 1988.

عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003  لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەلاحەدین کوژراون.

عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەمموز لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.