زاهیر جەلال: بەرهەمێکی نوێ بەناوی "بولبولی شەیدا" بڵاودەکەمەوە
زاهیر جەلال، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "بولبولی شەیدا" بەمزووانە بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، زاهیر جەلال دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "بەرهەمی (بولبولی شەیدا) لە شیعری مامۆستا هێمن و ئاوازی خۆمە، هاودەنگ هەمەوەند دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و لە فێرگەی CME تۆمار کراوە. هەروەها لەگەڵ گرووپی موزیکی حەبیبە بەرهەمەکەم جێبەجێ کردووە، کە ئەو گرووپە پێکهاتووە لە سروود سالار (کەمانچە و سەرپەرشتیاری گرووپ)، رێوان ئەحمەد (سەنتوور)، ئیبراهیم نەجمەدین و داستان عوسمان (ریتمی کوردی)، ئادەم ئەرکان (زەڕب)، سەنگەر سالار (عوود) و شفان سەگرمە (چەلۆ)، کە ئەرکی ئامادەکردن و تۆمارکردنی گۆرانییەکەی لەئەستۆ گرتووە و زۆر سوپاسی دەکەم."
زاهیر جەلال گوتیشی، "ساڵی 1989 لە شاری هەولێر ئەم بەرهەمەم لە تۆمارگەی (ناز) تۆمار کرد، بەڵام کاتێک هێنامەوە سلێمانی بۆ بڵاوکردنەوە، وەزارەتی رۆشنبیریی ئەو کات بڵاوکردنەوەی قەدەخە کرد، چونکە شیعرەکەی سیاسی بوو؛ ئەگەر ئەو کات بە دزییەوە بڵاوکرایەوە، من و کۆمەڵێک خەڵکی تریش ماڵوێران دەبووین و لە سێدارە دەدراین. بۆیە پێم خۆش بوو لە ساڵی 2026دا لەگەڵ گرووپی موزیکی حەبیبە ئەم گۆرانییە دووبارە بکەمەوە، چونکە ئێستا بەهۆی خوێنی شەهیدانەوە بە ئازادی گۆرانی دەڵێین و شیعر دەخوێنینەوە."
زاهیر جەلال باس لە دەنگدانەوەی بەرهەمەکەی لای گوێگرانی دەکات و دەڵێت: "گوێگرەکانم خۆیان بڕیار لەسەر ئەم بەرهەمە دەدەن کە بەدڵیان دەبێت یاخود نا؛ کاتێک بڵاوکرایەوە، ئەوکات دەردەکەوێت کە دەنگدانەوەی هەبووە یان نا، بەڵام هیوادارم جێگەی خۆی بگرێت و بەدڵی هەموو هەوادارانم بێت."
سەبارەت بە کاری هونەری و نواندن، ئاماژەی بەوە دا: "هۆکار زۆرن کە وایان کردووە لە کاری نواندن داببڕێم، بەڵام خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ لە فیلمێکی سینەماییدا بەناوی (سندووق) بەشداریم کردووە کە لە دەرهێنانی دیاکۆیە. ئەو فیلمە پێش جەژنی قوربان پێشکەش بە جەماوەری شاری سلێمانی دەکرێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا لە شارەکانی تری کوردستانیش نمایش بکرێت."
زاهیر جەلال، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1961 لە سلێمانی لەدایک بووە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەرکەوتووە و ژمارەیەکی بەرچاو گۆرانیی رەسەنی کوردی تۆمار کردووە. جگە لە گۆرانیگوتن، ئەکتەرێکی دیاری بواری کۆمیدیایە و لە چەندین فیلم و درامادا رۆڵی بینیوە.