رێکخراوی تەندروستی جیهانی: ڤایرۆسی "هانتا" وەک کۆرۆنا نییە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی دەدات کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" لەسەر کەشتییەکی گەشتیاری، نابێتە سەرەتای پەتایەکی جیهانی و شێوازی بڵاوبوونەوەی لە کۆرۆنا جیاوازە. تا ئێستا 3 گەشتیار گیانیان لەدەستداوە و هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ئەو گەشتیارانە دەستیپێکردووە کە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، هاوکات بەریتانیاش داوای 45 رۆژ خۆکەرەنتینەکردن لە گەشتیارەکانی دەکات.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا لەسەر کەشتییەکی گەشتیاری کە سەرنشینی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە هەڵگرتبوو، وایکردووە دەسەڵاتداران بە جیدییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. ئەو کەشتییە کە مانگێک لەمەوبەر لە ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوتبوو، تا ئێستا سێ گەشتیاری تێدا گیانیان لەدەستداوە و 4 کەسی دیکەش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

دکتۆر ماریا ڤان کیێرکۆڤ، لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "ئەمە کۆرۆنا نییە، ئەنفلۆنزا نییە، بەڵکو بە شێوازێکی زۆر زۆر جیاواز بڵاودەبێتەوە." بە پێچەوانەی نەخۆشییەکانی وەک سوورێژە، ئەم ڤایرۆسە زۆر بە ئاسانی بڵاونابێتەوە و مەترسییەکەی بۆ سەر رای گشتی بە "نزم" پۆلێن دەکرێت.

تا ئێستا هەشت حاڵەت دەستنیشانکراون، کە سیانیان پشتڕاستکراونەتەوە و 5 حاڵەتی دیکەش گومانیان لێ دەکرێت. ڤایرۆسەکە بەزۆری لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک و جرج) بڵاودەبێتەوە، کاتێک مرۆڤ ئەو هەوایە هەڵدەژمێت کە بە پاشەڕۆ، میز یان لیکی ئەوان پیس بووە. پسپۆڕان پێیان وایە بەهۆی ژینگەی داخراوی ناو کەشتییەکە، رەنگە ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە گواسترابێتەوە.

نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە هاوشێوەی ئەنفلۆنزایە و بریتین لە (تا، بێتاقەتیی، ئازاری ماسولکە، تەنگەنەفەسی، ئازاری گەدە، دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە). هەرچەندە چارەسەرێکی تایبەت نییە، بەڵام وەرگرتنی چارەسەری پێشوەختە لە نەخۆشخانە دەتوانێت ژیانی مرۆڤ رزگار بکات.

ئاژانسی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA) رایگەیاندووە، هەر گەشتیارێکی بەریتانی کە لەو کەشتییە بووە، دەبێت وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ ماوەی 45 رۆژ خۆی کەرەنتینە بکات. پڕۆفیسۆر رۆبن مەی، بەڕێوەبەری زانستی لە ئاژانسەکە گوتی: "هەوڵێکی زۆر گەورە لە ئارادایە بۆ دۆزینەوەی ئەو گەشتیارانەی گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، بەڵام بۆ رای گشتی کە پەیوەندییان بە کەشتییەکەوە نەبووە، مەترسییەکە زۆر کەمە."

ئێستا کەشتی "ئێم ڤی هۆندیۆس" بەرەو دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا بەڕێوەیە و کارمەندانی تەندروستی پشکنینیان بۆ سەرنشینەکان کردووە. کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە رایگەیاندووە کە هیچ کام لەو کەسانەی لەسەر کەشتییەکەن نیشانەی نەخۆشییان تێدا نییە و کەشتییەکە بە تەواوی پاکژ کراوەتەوە. هەروەها بەرپرسانی تەندروستی لە ئەمریکا چاودێری 3 گەشتیار دەکەن کە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و تا ئێستا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە.