جەنگی ئێران قەیرانی خۆراک لە ئەوروپا دروست دەکات

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕ لە ئێران، هێشتا کاریگەرییەکانی ململانێکان بە تەواوی نەگەیشتووەتە گیرفانی کڕیاران لە بازاڕەکاندا. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "کارفوور" و "ئاڵدی" جەخت دەکەنەوە کە نرخەکانیان جێگیرە، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم سەقامگیرییە کاتییە و جیهان لەبەردەم شەپۆلێکی گەورەی گرانبوونی خۆراکدایە، کە سەرچاوەکەی لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پەیینی کیمیاوییەوە دەستپێدات.

شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی سێ قۆناخی خاوەوە کاریگەریی لەسەر نرخی نان و پێداویستییەکان دادەنێت؛ سەرەتا گاز دەبێتە پەیین، پەیین دەبێتە خۆراکی بەروبوومەکان، و لە کۆتاییدا بەروبوومەکان دەبنە خۆراک لەسەر مێزی هاووڵاتییان. ئەم خولە چەندین مانگی دەوێت تا کاریگەرییەکانی دەربکەوێت. 

دەیڤید لابۆرد، بەڕێوەبەری بەشی ئابووری خۆراک لە رێکخراوی "فاو"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "زۆربەی ئەو خۆراکانەی ئێستا لە رەفەی مارکێتەکاندان، بەو کەرستانە بەرهەم هێنراون کە پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە کڕدراون، بۆیە جێگیریی نرخەکان تەنیا پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە نەک ئەوەی کە بازاڕ پارێزراو بێت."

ئەوروپا خۆی پەیینی نایترۆجین بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ ئەمە پشت بە گازی هاوردەکراو دەبەستێت. کاتێک ئاڵۆزییەکانی کەنداو نرخی گاز بەرز دەکەنەوە، نرخی پەیینی ئەوروپیش گران دەبێت. لەو کاتەوەی ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گەرووی هورمزی داخستووە، نرخی گاز بە رێژەی 59% و نرخی هەندێک جۆری پەیین بە رێژەی 50% بەرزبووەتەوە.

لە ئەڵمانیا، نرخی یەک تۆن پەیینی "یۆریا" لە 370 یۆرۆوە بۆ 550 یۆرۆ بەرزبووەتەوە. پێشبینی دەکرێت کڕیاران لە کۆتایی هاویندا هەست بە گرانی سووتەمەنی بکەن، بەڵام لێکەوتەکانی گرانی پەیین دواتر دەردەکەون.

بۆ وەرزی بەهار، جووتیارانی ئەوروپا بەخت یاوەریان بوو چونکە پێشتر پەیینیان کۆگاکردبوو، بەڵام بۆ وەرزی پاییز دۆخەکە جیاوازە. ئێستا جووتیاران داواکاری بۆ کڕینی پەیین پێشکەش دەکەن و دەبینن نرخەکان زۆر بەرزن، لە کاتێکدا نرخی گەنم وەک خۆیەتی. ئەمەش وایکردووە هەندێک لە جووتیاران بڕی بەکارهێنانی نایترۆجین کەم بکەنەوە یان جۆری چاندنەکەیان بگۆڕن، کە ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی بەروبووم دێت لە ساڵی 2027دا.

هەندێک وڵات تەنانەت ئەو دەرفەتەی بەهارەشیان نەبوو؛ بۆ نموونە لە ئێرلەندا کە پیشەسازیی پەیینی ناوخۆیی نییە، جووتیاران ناچارن بە نرخی کاتی شەڕ پەیین بکڕن. لە سویدیش، یەکێتیی جووتیاران دەڵێت شەڕەکە تا ئێستا 160 ملیۆن یۆرۆ زیانی لێداون، کە دەکاتە 12%ی قازانجەکانیان.

لە بەرانبەر ئەم قەیرانەدا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەوڵی ئاسانکاری دەدات و بڕیارە لە 19ی ئایاردا پلانێکی نوێ بۆ پەیین رابگەیەنێت، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە هاوردەکردن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆییە. بەڵام ئەم پلانانە کاتیان دەوێت و دروستکردنی کارگەیەکی پەیین 3 بۆ 4 ساڵی دەوێت. لە لایەکی دیکەوە، باجی کاربۆنی ئەوروپا (CBAM) کە لە 1ی کانوونی دووەمەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، باری جووتیارانی قورستر کردووە. وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و فەرەنسا داوای راگرتنی ئەو باجە دەکەن، بەڵام پۆڵەندا و ئەڵمانیا کە خاوەنی گەورەترین کارگەی پەیینن، دژی راگرتنەکەن.

لە واشنتن،  نزیکەی 70%ی جووتیارانی ئەمریکا دەڵێن ناتوانن پەیینی پێویست بکڕن، وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکاش پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ کەمترین بێت لە دوای ساڵی 1919وە.

لەسەر ئاستی جیهانیی، بەرازیل رووبەڕووی کەمیی پەیینی فۆسفات بووەتەوە و ئەسیوپیاش کە 90%ی پەیینەکەی لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەچوو، هیچ جێگرەوەیەکی نییە. رێکخراوی خۆراکی جیهانی هۆشداری دەدات کە ئەگەر شەڕەکە تا ناوەڕاستی ساڵ بەردەوام بێت، 45 ملیۆن کەسی دیکە رووبەڕووی ناسەقامگیریی خۆراک دەبنەوە. ئەلڤارۆ لاریۆ، سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەم قەیرانە وەک شۆکەکەی ئۆکرانیا خێرا نییە، بەڵکو خاوترە، بەڵام دەزانین کە لە رێگەیە."

چینیش دۆخەکەی خراپتر کردووە بە راگرتنی هەناردەی پەیینی فۆسفات و نایترۆجین. لاریۆ دەڵێت سنووردارکردنی هەناردە گەورەترین مەترسییە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی گرانی نرخ بۆ نەمانی کاڵاکان لە بازاڕدا. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2027، کاتێک یەکەم بڕوانامەی باجی کاربۆن دەردەچێت، نرخەکان لە مارکێتەکانی وەک کارفۆر و ئاڵدی بە تەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت.