پێکدادانی نوێ لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران روویدا

ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتنە لووتکە و پێکدادانی چەکداری لە گەرووی هورمز ڕوویدا؛ سوپای ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیی نوێدا چەند نەوتهەڵگرێکی دیکەی ئێرانی پەکخست، هاوکات میدیاکانی ئێران باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری کەناراوی سیریک و شەڕی پچڕپچڕ لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایاری 2026، لە چەند شوێنێکی جیا و بەشێوەی پچڕ پچڕ شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز ڕووی داوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاوی کردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری سیریک بیستراوە لە نزیک کە شارێکی کەناراوییە و دەکەوێتە نێوان گەرووی هورمز و کەنداوی عومان. تاوەکوو ئێستا بەرپرسانی ئێران هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و بە نادیار وەسفیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری "فۆکس نیووز" کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێی لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی ئەم هێرشانە چەند نەوتهەڵگرێکی بەتاڵ بووە کە هەوڵیان داوە گەمارۆ دەریاییە چڕەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنن. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک دووپاتکردنەوەی ئەو هۆشدارییانە دەبینرێت کە پێشتر سەرۆک ترەمپ دابووی بۆ رێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی دەریایی تاران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێران بەبێ هۆکار هێرشیان کراوەتەوە سەر، بەڵام بەشێوەیەکی بەرگری لەخۆکردن بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داتەوە.

هەروەها گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێران، بەڵام بە توندی بەرپەرچدراونەتەوە.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ریگەیاندبوو، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی توندی ئێرانیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان بە هێزەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هاوکات هۆشداریی دابوو ئەگەر تاران بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکات، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توندتر دەبێتەوە.