سەدا عیسا: دەمەوێت بەرهەمە هونەرییەکانم ببنە سەرچاوەی بیرکردنەوە و هیوا بۆ بینەران
سەدا عیسا، خانمە شێوەکاری کورد، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لەنوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "لە داهاتوودا دەمەوێت پێشانگایەکی گەورەتر و فراوانتر بکەمەوە، چونکە حەز دەکەم بەرهەمەکانم زیاتر ببینرێن و بتوانم هەست و بیرۆکەکانم لە رێگەی هونەرەوە بگەیەنمە ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک."
ئەمڕۆ شەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2026، سەدا عیسا، خانمە شێوەکاری کورد، دەربارەی ئەزموونی خۆی لە کاری شێوەکاریدا بە کوردستان24ی راگەیاند، "من نزیکەی حەوت ساڵە بەردەوامم لە وێنەکێشاندا. لە سەرەتادا تەنیا خولیایەکی کەسی بوو، بەڵام دواتر بووە بەشێکی دانەبڕێنراو لە ژیانم. وێنەکێشان بۆ من تەنیا هونەر نییە، بەڵکو رێگەیەکە بۆ ئارامکردنەوەی رۆح و دەربڕینی هەستە ناوەکییەکانم. لە رێگەی ئەم هونەرەوە دەتوانم ئەو شتانە دەرببڕم رەنگە بە وشە نەتوانم بیانڵێم. کاتێک بەهرەکەم لە خۆمدا دۆزییەوە، زیاتر پەیوەست بە وێنەکێشانەوە بووم و بڕیارم دا بەردەوام بم و تواناکانم پەرە پێ بدەم."
سەدا، سەبارەت بە شێوازی کارکردنی و سەرچاوەی حەز و ئارەزووەکانی، گوتی، "زۆربەی کات لە تابلۆکانمدا پۆرترەیت و رووخساری مرۆڤەکان دەکێشم، بەڵام ئارەزووە هونەرییەکانم تەنیا لەم شێوازەدا سنووردار نین، بەڵکو لە وێنەکێشانی راستەقینە، هونەری ئەبستراکت، نووسینی جوان، سروشت، دەربڕینی هەست و خەیاڵیش کار دەکەم. من حەزم لە تاقیکردنەوەی شێوازە جیاوازەکانە، چونکە هەر شێوازێک جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەمەوێت بەردەوام فێر ببم و ئەزموونی زیاتر بەدەست بهێنم. لەبارەی سەرچاوەی حەز و ئارەزووەکانم، پێم وایە هونەرمەند نابێت خۆی لە یەک سەرچاوەدا سنووردار بکات؛ ژیان، مرۆڤەکان، هەستەکان و وردەکارییەکانی دەوروبەر هەموویان دەتوانن ببنە سەرچاوەی حەز و ئارەزوو بۆ دروستکردنی تابلۆیەکی واتادار، چونکە تابلۆی سەرکەوتوو ئەوەیە کاریگەری لەسەر بینەر دروست بکات."
سەبارەت بە ئامانجی هونەر و ناسینەوەی تابلۆی سەرکەوتوو، سەدا دەڵێت، "من وای دەبینم ئامانجی هونەر تەنیا پیشاندانی جوانی نییە، بەڵکو گەیاندنی جوانیی ژیانە بە بینەر. حەز دەکەم بەرهەمەکانم کاریگەرییان هەبێت و بتوانن هەستێکی جوان بە بینەر ببەخشن، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، لە قەرەباڵغیی ژیانی رۆژانە دووری بخەنەوە. لە دیدی مندا، تابلۆی سەرکەوتوو ئەوەیە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر دڵ و هەستی بینەر دروست بکات و مانایەک لە ناخیدا بەجێ بهێڵێت."
سەدا سەبارەت بە تایبەترین تابلۆی جەختی کردەوە، "یەکێک لەو تابلۆیانەی زۆر لام ئازیزە، تابلۆی "کُن فَیَکُون"ە، کە ئاماژەیە بە دەسەڵات و توانای بێ سنووری خوای گەورە. کاتێک سەیری دەکەم، هیوایەکی زۆر لە دڵمدا زیندوو دەبێتەوە. ئەو تابلۆیە بۆ من تەنیا بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو پەیامێکی قووڵی ئایینی و ژیانە. باوەڕم وایە هیچ شتێک لە لای خوای گەورە مەحاڵ نییە، بەڵام لەگەڵ ئەو باوەڕەدا، مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات و بە هیواوە بەردەوام بێت. ئەو تابلۆیە هەمیشە ئەوەمان بیر دەخاتەوە بە هیوا و هەوڵدان دەتوانین رووبەڕووی ساتە ناخۆشەکانی ژیان ببینەوە."
ئەو خانمە شێوەکارە باس لە کردنەوەیەکی پێشانگەیەکی دەکات و دەڵێت، " پێنج ساڵ پێش ئێستا پێشانگەیەکی هونەریم لە زانکۆی تیشککردەوە و زیاتر لە 40 تابلۆم تێدا پێشکەش کرد، ئەوەش یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی گەشتی هونەریی من بوو. ئەوە بۆ من دەستکەوتێکی گرنگ و جێگەی شانازی بوو، چونکە قوتابیی بەشی ژمێریاری بووم، نەک بەشێکی هونەری. بەڵام خۆشەویستیم بۆ هونەر و باوەڕم بە تواناکانی خۆم وای کرد بتوانم ئەو پێشانگەیە بکەمەوە. ئێستا نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کردنەوەی پێشانگەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تابلۆکانم هێشتا لە زانکۆکە ماونەتەوە و لەسەر دیوارەکانی هەڵواسراون. ئەمە بۆ من مایەی دڵخۆشی و شانازییە، چونکە بەرهەمەکانم هێشتا شوێنی خۆیان لەو شوێنەدا پاراستووە.
سەدا باس لە ئامانج و پلانی داهاتووی خۆی دەکات و گوتی، "دەمەوێت بەردەوام لەسەر خۆم کار بکەم، تواناکانم پەرە پێ بدەم و ئەزموونی نوێ بەدەست بهێنم. باوەڕم وایە گەشەکردن لە هونەردا کۆتایی نییە و هەمیشە دەرفەتی فێربوون و داهێنانی نوێ هەیە. لە داهاتوودا دەمەوێت پێشانگەیەکی گەورەتر و فراوانتر بکەمەوە لەو پێشانگایەی لە زانکۆی تیشک کردمەوە، چونکە دەمەوێت بەرهەمەکانم زیاتر ببینرێن و بتوانم هەست و بیرۆکەکانم لە رێگەی هونەرەوە بگەیەنمە ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک. هەروەها من باوەڕم وایە هونەر تەنیا پیشەیەک نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ دەربڕینی ناخ و جوانبینیی مرۆڤ. بۆیە تا توانام هەبێت، بەردەوام دەبم لە رێگەی وێنەکێشاندا و هەوڵ دەدەم بەرهەمەکانم ببنە سەرچاوەی هیوا و جوانی بۆ کۆمەڵگە و نیشتیمان."
سەدا عیسا، خانمە شێوەکاری کورد، دانیشتووی هەولێرە. دەرچووی بەشی ژمێریاریی زانکۆی تیشکە، نزیکەی 7 ساڵە لە بواری وێنەکێشاندا کار دەکات، هونەر بۆ ئەو رێگەیەکە بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکەکانی؛ ئەو دوای کردنەوەی پێشانگەیەکی زیاتر لە 40 تابلۆ لە زانکۆی تیشک، ئامانجی ئەوەیە لە داهاتوودا پێشانگەیەکی گەورەتر بکاتەوە.