سێنتکۆم: زیاتر لە 13 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران بلۆک کراوە

سێنتکۆم: سێ نەوتهەڵگری ئێرانیمان پەکخستووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێراندا، رێگرییان لە هەناردەکردنی بڕی 166 ملیۆن بەرمیل نەوت کردووە کە بەهاکەی زیاتر لە 13 ملیار دۆلارە. هاوکات سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە لە چالاکییەکی مەیدانیدا هێزە ئاسمانییەکانیان سێ نەوتهەڵگری ئێرانییان پەکخستووە و رێگرییان لێ کردوون بگەنە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عومان.

هەینی 8ـی ئایاری فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی ئینفۆگرافیکێکی ورد و پۆستێکی فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، دوایین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی خستەڕوو. سێنتکۆم جەختی کردەوە گەمارۆکە بە تەواوی جێگیرە و رێگە بە چوونە ناوەوە و چوونە دەرەوەی هیچ کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئێران نادرێت.

بەپێی داتاکانی سێنتکۆم ، کاریگەریی گەمارۆکە لەسەر کەرتی وزەی ئێران بەم شێوەیەیە، تاوەکوو ئێستا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لە 73 نەوتهەڵگر کردووە کە نەتوانن نەوتی ئێران بگوازنەوە؛ هەروەها ئەم کەشتیانە بڕی 166 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانیان هەڵگرتووە کە گیریان خواردووە؛ بەمەش کۆی گشتی نرخی ئەو نەوتەی کە رێگری لێکراوە بگاتە بازاڕەکان، زیاتر لە 13 ملیار دۆلارە، کە بە گوتەی ئەمریکا ئەم پارەیە چیتر ناچێتە دەستی سەرکردایەتی ئێران.

بەگوێرەی داتاکانی سێنتکۆم، زیاتر لە 50 کەشتی تریش ئاراستەیان گۆڕدراوە بۆ ئەوەی ناچار بە پابەندبوون بە گەمارۆکە بکرێن.

لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم دا هاتووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، ئەمریکا هێزێکی بێپێشینەی لە ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە کە پێکدێت لە زیاتر لە 15,000 سەرباز، زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی و چاودێری و زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگیی گەورە.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە هەموو جۆرە تەکنۆلۆژیا و هێزێکی سەربازی بۆ سەرخستنی گەمارۆکە بەکارهێناوە، لەوانە: کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، کەشتیی هێرشبەری دۆزەخی، تێکشکێنەری مووشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، فڕۆکەی هەواڵگری و جەنگی ئەلیکترۆنی.

هەروەها سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکی دیکە دا، ئاشکرای کرد کە لە دوو چالاکیی جیاوازدا سێ نەوتهەڵگری ئێرانییان لە کار خستووە،

ئاماژەشی داوە، هێزەکانیان رێگرییان لە دوو نەوتهەڵگری بەتاڵی هەڵگری ئاڵای ئێران بە ناوەکانی (M/T Sea Star III) و (M/T Sevda) کرد، پێش ئەوەی بچنە نێو بەندەرێکی ئێران لە کەنداوی عومان.

پێشتریش لە رێکەوتی 6ـی ئایار، هێزەکانی ئەمریکا نەوتهەڵگری (M/T Hasna)یان پەکخستبوو. لەو چالاکییەدا فڕۆکەیەکی Super Hornet لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" بە تۆپی 20 ملمی کەشتییەکەی پەکخست. سێنتکۆم جەختی کردەوە کە هەرسێ کەشتییەکە چیتر ناتوانن بەرەو ئێران بجوڵێن.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەمبارەیەوە گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندن بە جێبەجێکردنی تەواوەتی گەمارۆی سەر ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو ئێران یان لێی دێنە دەرەوە. سەربازە مەشقپێکراوەکانمان کارێکی ناوازە ئەنجام دەدەن."