پۆڵەندا بۆ نوێکردنەوەی سوپاکەی 44 ملیار یۆرۆ لە یەکێتی ئەوروپا قەرز دەکات
پۆڵەندا بوو بە یەکەم وڵات رێککەوتنێکی قەرز لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەوروپا واژۆ بکات بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی نۆژەنکردنەوەی سوپا و پیشەسازییە سەربازییەکانی، بەپێی رێککەوتنەکە بڕی 43.7 ملیار یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 52 ملیار دۆلار وەردەگرێت.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، دۆناڵد تسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، لە کاتی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا رایگەیاند: "ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە لە مێژووی پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپادا،" ئاماژەی بەوەش کرد، بەم هەنگاوە پۆڵەندا لەم سەردەمە پڕ مەترسییەدا ئارامتر دەبێت و ئەوروپا نیشانی دا کە ئامادەیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە ئەستۆ بگرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی.
ئەم پارەیە لە چوارچێوەی بەرنامەی کردەوەی ئەمنی بۆ ئەوروپا دابین دەکرێت، کە بەرنامەیەکی یەکێتی ئەوروپایە و 150 ملیار یۆرۆ وەک قەرزی ئاسانکاری پێشکەشی وڵاتانی ئەندام دەکات بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگری، کڕینی چەک و تەقەمەنی و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رووسیا، پۆڵەندا گەورەترین سوودمەندی ئەم بەرنامەیەیە.
پۆڵەندا لە ئێستادا ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە 4.8%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆدا، وەک وڵاتێکی هاوسنوور لەگەڵ رووسیا، بیلاڕووس و ئۆکرانیا، پۆڵەندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دروستکردنی قەڵغانی رۆژهەڵات بۆ پاراستنی ئەوروپا.
واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە دوای ململانێیەکی توندی سیاسی چەند مانگیی نێوان حکوومەتەکەی تسک و ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەپەرست دێت، کارۆل ناڤرۆتسکی، سەرۆکی پۆڵەندا و ئۆپۆزسیۆن پێشتر دژی ئەم قەرزە بوون و پێیان وابوو ئەمە وڵاتەکە وابەستەی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا دەکات و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا سارد دەکاتەوە، ئۆپۆزسیۆن پێشنیازی بەرنامەیەکی جێگرەوەیان کردبوو کە پشت بە پارەی بانکی ناوەندی ببەستێت، بەڵام حکوومەت ئەو پێشنیازەی بە "ناواقیعی" ناوبرد.
ئەم رێککەوتنە لە لایەن وەزیرانی دارایی و بەرگری پۆڵەندا و کۆمیسیارانی بودجە و بەرگری یەکێتی ئەوروپا گەیشتە قۆناغی جێبەجێکردن.