بلومبێرگ: گەرووی هورمز لە رۆژی سێشەممەوە بە تەواوی داخراوە
ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند، هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز لە رۆژی سێشەممەوە بە کردەیی وەستاوە، ئەمەش دوای ئەو پێکدادانانەی ئەم دواییە کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە نزیک ئەو رێڕەوە ئاوییە روویاندا.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ، رایگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان شوێنی هەڵدانی مووشەک، درۆن و چەندین بنکەی سەربازییان لە ناو خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج، ئەمریکا دەڵێت: ئەو شوێنانە بەرپرس بوون لە هێرشکردنە سەر سێ کەشتیی جەنگیی ئەمریکی کە خەریکی تێپەڕبوون بوون لە گەرووەکە.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەو پێکدادانانەی کە لە رۆژی پێنجشەممەوە بەردەوامن و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی لە لایەن ئەمریکاوە گرتووەتەوە، مەترسیی رووخانی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی دروست کردووە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسپێکردنی دانوستانەکان رایگەیاندبوو، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئێران ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی روون ناو دەبات.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی باسی لەوە کردووە، پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و کەشتییە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامە، هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە شاری سیریکی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز بیستراوە و تا ئێستا هۆکارەکەی نادیارە.
لای خۆیەوە، حاکمی شاری میناب لە باشووری ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئەمریکا لە شەوی پێنجشەممەدا بەلەمێکی بارهەڵگری مەدەنیی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، کە بەو هۆیەوە 10 دەریاوان بریندار بوون و 5 دەریاوانی دیکەش بێسەروشوێنن.