نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژییەکانی گەرووی هورمز
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، گوتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا گوتی: "ئەمیندار گشتی نیگەرانە لە پەرەسەندنی بارودۆخەکە لە گەرووی هورمز و داوای لە لایەنەکان کرد کە دان بە خۆیاندا بگرن و دوور بکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
ئەم هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان هێزە ئێرانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز روویداوە و بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە، ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی گەرووی هورمز بەردەوامە، لە لایەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رێگە نادەن جارێکی دیکە تاران دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنێت.
لە بەرانبەردا، دەسەڵاتی ئێران بە تایبەتی سوپای پاسداران پێداگیرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئیدارەی گەرووی هورمز تەنها لە لایەن ئەو وڵاتە بێت و رێگە نادەن ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان دەستوەردان لە کاروباری ئەو رێڕەوە ئاوییەدا بکات.