کاندیدێکی سەرۆکایەتی فەرەنسا: ئیسرائیل مەترسیدارترین وڵاتی ناوچەکەیە

جان لوک میلانشۆن، سیاسی و کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا
جان لوک میلانشۆن، سیاسی و کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا

جان لوک میلانشۆن، سیاسی و کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا، ئیسرائیلی بە "مەترسیدارترین وڵاتی ئێستای ناوچەکە" وەسف کرد و حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لایەنی "هەڵگیرسێنەری جەنگەکانە" و هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ.

میلانشۆن لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی "LCI"ی فەرەنسی رایگەیاند؛ ئیسرائیل لایەنی پاڵنەرە بۆ پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل ئەوەی ناوی برد بە "تاوانەکانی جینۆساید" ئەنجام دەدات، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە، قسەکانی ئاراستەی حکوومەتی ئێستای ئیسرائیل کراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میلانشۆن باسی لە ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکی خۆی کرد لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ کاتێک لێی پرسیوە دەربارەی هەڵوێستی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەگەری چوونە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی لوبنان، وەڵامەکە بەو شێوەیە بووە کە "فەرمانەکان بۆ پاشەکشەکردنن".

میلانشۆن بە توندی رەخنەی لەم هەڵوێستە گرت و رایگەیاند؛ پاشەکشەی هێزەکانی پارێزەری ئاشتی لەگەڵ جەوهەری ئەرکەکانیان یەکناگرێتەوە، چونکە دەبێت رۆڵیان جیاکردنەوەی لایەنەکان بێت نەک کشانەوە لە ناوچەکانی پێکدادان. هەروەها گوتیشی: "فەرەنسا بەرگەی هێرشکردنە سەر سەربازەکانی ناگرێت و وەڵامی دەبێت."