حزبوڵڵای لوبنان 22 هێرشی کردە سەر ئیسرائیل
حزبوڵڵای لوبنان پوختەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا زنجیرەیەک هێرشی چڕی بە بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەک کردووەتە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل.
حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ "بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی، و لە وەڵامی پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، وەک هێرشکردنە سەر مەدەنییەکان و وێرانکردنی ماڵ و گوندەکانی باشووری لوبنان، بەیاننامەی سەربازییان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژی شەممە بڵاوکردووەتەوە."
حزبوڵڵا جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە مافێکی رەوایە بۆ بەرگریکردن لە خاک و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کە سنووری بەزاندووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە کەمترین ئەرکە بۆ راگرتنی دوژمن لە بەدیهێنانی ئامانجە مەترسیدارەکانی دژی دەوڵەت و گەلی لوبنان.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا لە ئەنجامی هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی حزبوڵڵا لە رۆژی شەممەدا، ژمارەیەک سەربازیان بریندار بوون کە ئەفسەرێکیشیان لەنێواندایە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و نیگەرانییەکی زۆر لە ناوخۆی ئیسرائیل، بەکارهێنانی درۆنی جۆری "فایبەر ئۆپتیک"ە (Fiber-optic drones) لەلایەن حزبوڵڵاوە. ئەم جۆرە فڕۆکانە بەوە ناسراون، زۆر وردن لە پێکانی ئامانج، توانای خۆشاردنەوەیان هەیە و راستەوخۆ ئاراستە دەکرێن، ئەمەش تەحەدایەکی نوێی بۆ هێزەکانی ئیسرائیل دروست کردووە.
سەرڕای ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە بەردەوامە. حزبوڵڵا لە رێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە فشاری سەربازیی خۆی بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان چڕکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت ئەگەر پێشێلکارییەکان بەردەوام بن.