بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە مەترسیی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا هەیە
رالف بایزڵ، بەڕێوەبەری گشتیی یەکێتیی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا، هۆشداریی دەدات لەوەی کەمیی سووتەمەنی فڕۆکە رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتە ئاسمانییەکان لە وەرزی هاوینی داهاتوودا لە ئەڵمانیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، رالف بایزڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (Welt am sonntag) رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت توانای کارکردنی هەندێک لە فڕۆکەخانەکان بە رێژەی 10% دابەزێت، ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتەکان یان هەڵوەشاندنەوەیان لە چەندین هێڵی ئاسمانی جیاواز دێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری وەستانی تەواوەتی هەندێک لە گەشتە ئاسمانییەکان هەیە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر 20 ملیۆن گەشتیار دروست دەکات.
بەپێی گوتەکانی بایزڵ، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی کەم تێچوو زۆرترین کاریگەرییان بەردەکەوێت و ناچار دەبن گەشتەکانیان بۆ چەندین شوێن کەم بکەنەوە یان رایبگرن، ئەوەش وایکردووە ئەو گەشتانەی کە دەمێننەوە دەستکەوتنیان کەمتر و نرخەکانیان گرانتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆشداریی دا کە ئەوروپا لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوودا رووبەڕووی نەمانی سووتەمەنی فڕۆکە لە کۆگاکان دەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە ناسەقامگیری کەرتی فڕۆکەوانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.