ئێران: پێویستە ئاژانسی ئەتۆمی خۆی لەکاروباری سیاسیی هەڵنەقورتێنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تەنها "پشکنین و پشتڕاستکردنەوەیە"، نەک ناردنی پەیامی سیاسی سەبارەت بە گەرووی هورمز، مووشەکەکانی ئێران یان هەڵسوکەوتەکانی تاران.

ئیسماعیل بەقایی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، لە پلاتفۆڕمی "ئێکس"، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی رافائیل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، گڕۆسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لە دەسەڵاتە کارگێڕی و یاساییەکانی خۆی لایداوە. 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی گڕۆسی گرت و نووسیویەتی: "کاتێک بێلایەنیی پیشەیی دەبێتە قوربانیی هەڵسوکەوتی سیاسی یان تەماحی کەسی، متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەکەدار دەبێت و دوای ماوەیەک کاریگەری و کارایی ئەو دامەزراوانەش بەرەو لاوازی دەچێت."

ئەم لێدوانانەی بەقایی دوای ئەوە دێن کە ئێران پێی وایە بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆمی لە چوارچێوەی کارە تەکنیکییەکانی خۆی دەرچووە و دەستوەردان لە بابەتە سیاسی و سەربازییەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی دەکات.